رووداو دیجیتاڵ
رۆناڵدۆ نازاریۆ، ئەفسانەی پێشووی هەڵبژاردەی بەرازیل داوایکردووە، نەیمار داسێلڤا بگەڕێنرێتەوە ریزەکانی هەڵبژاردەی بەرازیل، تاوەکو بەشداری لە مۆندیالی داهاتوو بکات.
هاوینی داهاتوو هەریەکە لە ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا میوانداریی مۆندیالی داهاتوو دەکەن و هەڵبژاردەی بەرازیل بەشداریکردنی لە مۆندیالەکەدا مسۆگەرکردووە.
نەیمار لە ماوەی رابردوودا، وێڕای بەشداریکردنی لەگەڵ یانەی سانتۆس، بەڵام بەهۆی پێکانی بەردەوام و نائامادەیی جەستەییەوە بانگهێشتی ریزەکانی هەڵبژاردەی بەرازیل نەکرا.
رۆناڵدۆی دیاردە دەڵێ، نەیماری 33 ساڵان، وێڕای پێکانەکانی، بەڵام "یاریزانێکی یەکلاکەرەوەیە بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل".
نازاریۆ، لە بۆنەیەکی تایبەتدا لە ساوپاولۆ، لەپاڵ نەیماردا دەرکەوت و گوتی، "ئێمە یاریزانێکی دیکەی هاوشێوەی نەیمارمان نییە، هیوادارم بۆ مۆندیال ئامادەبێت".
نەیمار لە مانگی دەی ساڵی 2023ەوە هیچ یارییەکی بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل ئەنجام نەداوە، ئەگەرچی لەوکاتەوە بەرازیل چەندین یاریی لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بەمۆندیالی داهاتوو ئەنجامداوە.
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری سیلیساو گوتبووی، "دەبێ نەیمار بگاتە دۆخێکی جەستەیی باش تاوەکو بتوانێت هاوکاریی هەڵبژاردەکە بکات، ئەوکات دەگەڕێتەوە ریزەکانی هەڵبژاردەکە".
هەڵبژاردەی بەرازیل ئەگەرچی تاوەکو ئێستا خاوەنی ژمارەی پێوانەیی بەدەستهێنانی نازناوەکانی مۆندیالە بە پێنج نازناو، بەڵام لە ساڵی 2002ەوە نازناوی ئەو جامە جیهانییەی بەدەستنەهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ