ئەگەری هەیە جارێکی دیکە رامۆس ببێتەوە هاوڕێی مێسی

02-07-2023
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن لیۆنێل میسی سێرخیۆ رامۆس گواستنەوەی یاریزانان ئینتەرمەیامی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای گواستنەوەی هەریەکە لە لیۆنێل مێسی و سێرخیۆ بوسکێس، یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی دەیەوێت چەند یاریزانێکی دیکە بباتە ریزەکانی، یەکێک لەو یاریزانانەش سێرخیۆ رامۆسە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، کارگێڕیی یانەی ئینتەرمەیامی، دوای دەستنیشانکردنی تاتا مارتینۆ، وەک راهێنەری نوێی یانەکە، هەنگاوەکانی بۆ رێکخستنەوەی تیپەکەی دەستپێکردووە و دەیەوێت سێرخیۆ رامۆس بکاتە سێیەم گرێبەستی ئەم هاوینەی، دوای ئەوەی لیۆنێل مێسی و سێرخیۆ بوسکێسی گواستەوە.
 
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی نووسیوویەتی "ئینتەرمەیامی بە کردەیی گفتوگۆکانی لەگەڵ رامۆس دەستپێکردووە، لەکاتێکدا یاریزانەکە بیر لەوە دەکاتەوە بگەڕێتەوە یانەی سێڤییا."
 
جگە لە ئینتەرمەیامی، یانەی نەسڕی سعودی ماوەیەکی زۆرە هەوڵی گواستنەوەی بەرگریکارە ئیسپانییەکە دەدات، بەڵام هێشتا سێرخیۆ بڕیاری کۆتایی نەداوە، بۆیە داهاتووی بەتەواوی روون نییە.
 
ئەگەر ئینتەرمەیامی لە گواستنەوەی بەرگریکارە ئیسپانییەکەدا سەرکەوتوو بێت، جارێکی دیکە رامۆس و مێسی دەبنەوە هاوڕێی یەکدی، دوای ئەوەی دوو وەرز بەیەکەوە یارییان بۆ پاریس سانجێرمانی فەرەنسی ئەنجامدا.
 
لەلایەکی دیکەوە یانە ئەمریکییەکە کار بۆ گواستنەوەی خۆردی ئەلبا، بەرگریکاری پێسووی یانەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەکات، کە ئێستا بەبێ یانە ماوەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە