ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەی عێراق لە تایلەند بەردەوامن

02-09-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن هەڵبژاردەی عێراق
A+ A-
رووداو هەولێر 

هەڵبژاردەی عێراق بەمەبەستی بەشداریکردن لە جامی شای تایلەند، لەنێو کەمپێکی راهێنان و ئامادەکارییە لە شاری بانکۆک. 
 
یارییەکانی جامی شای تایلەند رۆژی چواری ئەم مانگە بە بەشداری هەڵبژاردەکانی عێراق، هۆنگ کۆنگ، تایلەند و دۆرگەکانی فیجی دەستپێدەکات. عێراق دوێنێ دەستی بەراهێنان کرد و ئێستا تەواوی یاریزانانی تیپەکە لە شوێنی حەوانەوەیانن و بڕیارە ئەمڕۆ دووەم یەکەی ئامادەکارییان ئەنجام بدەن. 
 
سەلام مەناسیر، بەرپرسی راگەیاندنی هەڵبژاردەی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو گوتی "کەشی راهێنانەکانی زۆر خۆشە و یاریزانەکان دڵخۆشن، هەموو ئەستێرەکان گەیشتوونەتە تایلەند و هیوامان بردنەوەی نازناوی جامی شای تایلەندە". 
 
لە دەستپێکی پاڵەوانێتییەکەدا هەڵبژاردەی عێراق یاری لەگەڵ هەڵبژاردەی هۆنگ کۆنگ دەکات، هەڵبژاردەی تایلەند میوانداریی هەڵبژاردەی فیجی دەکات، بەبردنەوە عێراق دەگاتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە. 
 
لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق چوار ئەستێرەی کورد هەن کە بریتین لە شێرکۆ کەریم، ئوسامە رەشید، یوسف ئەمین و مێرخاس دۆسکی. 
 
هەڵبژاردەی عێراق لەژێر سەرپەرشتی گراهام ئارنۆڵدی راهێنەرە، یەکێتیی تۆپی پێی عێراق و هاندەران هیوایەکی گەورەیان لەسەر تواناکانی ئەو راهێنەرە هەڵچنیوە، بۆ ئەوەی تیپەکەیان بۆ دووەمجار بگاتە یارییەکانی مۆندیال. 
 
بڕیارە مانگی 10ـی ئەمساڵ هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەکانی پاشکۆی مۆندیال رکابەری هەڵبژاردەکانی سعودیە و ئیندۆنیزیا بکات، خاوەن پلەی یەکەمی پاشکۆ راستەوخۆ بلیتی مۆندیالی 2026 وەردەگرێت، بۆیە عێراق شەڕی مان و نەمان بۆ بردنەوەی دوو یاریی چارەنوسساز دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە