دێوەزمەکەی ئەنچێلۆتی واز لە چابی ئەلۆنسۆ ناهێنێت

02-10-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید چابی ئەلۆنسۆ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەو دێوەزمەیەی کارلۆ ئەنچێلۆتی بەدەستییەوە دەیناڵاند لە ریال مەدرید، لە ژیانی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری ئێستای یانەکەدا سەریهەڵداوەتەوە، ئەوەش هەڕەشەی سەرهەڵدانی تەنگژەیەکی گەورەی لە ریال مەدرید هێناوەتە ئاراوە، لە کاتێکدا تیپەکە خۆی بۆ زنجیرەیەک یاریی زەحمەت ئامادە دەکات.
 
ریال مەدرید جارێکی دیکە گیرۆدەی دەستی پێکرانی یاریزانە سەرەکییەکانی بووەتەوە، بەتایبەت لە هەندێک شوێنی یارییکردندا، لە کاتێکدا لە پێکهاتەکەیدا، شوێنگرەوە ئەو یاریزانانەی نییە.
 
پێکرانی هەریەکە لە دانی کارڤاخال و ئەلیکساندەر ئارنۆڵد، چابی ئەلۆنسۆی دووچاری کێشەیەکی راستەقینە کردووە. بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە، ئەلۆنسۆ ناچارە بیر لە چەند بژاردەیەکی دیاریکراو بکاتەوە.
 
کارڤاخال لە دێربیی مەدرید دووچاری پێکان لە ماسوولکەکانی بووە و چوار هەفتە دوورکەوتووەتەوە، بەوەش ئەو یاریزانە بەشداریی لە کلاسیکۆی بەرامبەر بارسێلۆنا ناکات.
 
ئەوەی زیاتر سەرئێشەی بۆ ئەلۆنسۆ دروستکردووە، پێکرانی ئەلیکساندەر ئارنۆڵدی بەرگریکەری باڵی راستی تیپەکەیە، ئەو یاریزانەی هاوینی رابردوو پەیوەندی بەتیپەکەوە کرد.
 
پێشتر ریال مەدرید رایگەیاندبوو ئارنۆڵد لە یارییەکەی مارسیلیا لە چامپیۆنزلیگ دووچاری پێکانبووە و پێکانەکەی بریتییە لە گرژبوونی ماسوولکەکانی رانی چەپی و گەڕانەوەی پەیوەستە بەچاکبوونەوەیەوە.
 
میدیای ئیسپانیا رایانگەیاندووە ئارنۆڵد لە 6 تاوەکو 8 هەفتە لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە.
 
بڕیاربوو ئارنۆڵد باڵی راستی بەرگریی ریال مەدرید بەهێز بکات، پاشئەوەی لەژێر سەرپەرشتی کارلۆ ئەنچێلۆتیدا لەو شوێنەدا کێشەی زۆری بۆ دروستبوو، بەتایبەت لە وەرزی رابردوودا.
 
ئەو دوو پێکانە، ئەلۆنسۆ دەخاتە بەردەم ئاڵنگارییەکی تاکتیکی، ناچارە شوێنەکە بەیاریزانێکی دیکە پڕ بکاتەوە.
 
بژاردەکانی بەردەمی ئەلۆنسۆ بریتین لە راول ئەسێنسیۆ کە خۆی دڵی بەرگرییە، بەڵام لە یارییەکەی کایرات ئەلماتی لە چامپیۆنزلیگ لەو شوێنەدا یاریی کرد و ئاستی باشبوو.
 
کێشەی ئەسێنسیۆ، ئەوەیە کە هەندێکجار هەڵەی زەق و گەورە دەکات، کۆنترۆڵ لەدەستدەدات و بۆ یاریی کلاسیکۆ، زەحمەتە بتوانێت رووبەڕووی شاڵاوی هێرشەکانی بارسێلۆنا ببێتەوە.
 
بژاردەی دووەم، بریتییە لە گێڕانەوەی فیدریکۆ ڤاڵڤێردی بۆ ئەو شوێنە، هاوشێوەی ئەوەی وەرزی رابردوو لەگەڵ ئەنچێلۆتی ئەنجامیدەدا.
 
ڤاڵڤێردی وەرزی رابردوو لەو شوێنە، ئاستێکی باشی پێشکێشکرد، بۆ ئێستاش، پێشوازیی لە یارییکردنەوە لەهەمان جێگەدا کردووە.
 
ئەو یاریزانە رایگەیاندووە، لە هەر شوێنیک راهێنەر داوای لێبکات، ئامادەیە بۆ یارییکردن.
 
کاریگەریی ئەو تەنگژەیە لەم مانگەدا زیاتر دەردەکەوێت، بەتایبەت کە تیپەکە بەرامبەر هەریەکە لە ڤیاریال، خیتافی لە لالیگا و یوڤێنتوس لە چامپیۆنزلیگ یارییدەکات و دواتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەنجامدانی یاریی کلاسیکۆ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە