ریال مەدرید دەیەوێت گاریس بەیڵ لەکۆڵی بکاتەوە

02-11-2021
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن گاریس بەیڵ ریال مه‌درید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

بەرپرسانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، پلانیان بۆ ئەوە داناوە گرێبەستی ئەستێرەیەکیان هەڵوەشێننەوە، بۆ ئەوەی لە مووچە گەورەکەی رزگاریان بێت.
 
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی شاهانە، بەرپرسانی ئەو یانەیە نایانەوێت چیدی بەخۆڕایی پارەیەکی زۆر بە گاریس بەیڵی ئەستێرەی وێڵزی بدەن، کە ئەم وەرزە لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا تەنیا 3 یاری بە درێسی ریال مەدریدەوە کردووە و تەنیا گۆڵێکی تۆمارکردووە.
 
وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، ریال مەدرید ئامادەیە گرێبەستی بەیڵ هەڵوەشێنێتەوە  و دەستبەرداربوونی پێبدات و ئازادی بکات لەوەی لەم زستانەدا بەبێ بەرامبەر بچێتە هەر یانەیەک کە خۆی حەزی لێیە.
 
ماوەی زیاتر لە مانگێکە یاریزانە وێڵزییەکە، دوورکەوتووەتەوە بەهۆی پێکان لە ماسوولکەکانی رانی، بەڵام ئێستا چاکبووەتەوە و ئامادەیە بۆ یاریکردن.
 
ریال مەدرید لە هێڵی هێرشبردن کۆمەڵێک یاریزانی هەیە و ئاستی رکابەری لەسەر یاریکردن بەشێوەی سەرەکی زۆر بەهێزە، بەتایبەتیش کە ئێستا کەریم بنزیما و ڤینیسیۆس جۆنیۆر ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکەن و شوێنی ئەوان لە پێکهاتەی سەرەکیدا مسۆگەرە.
 
پێشتر گاریس بەیڵ لە لایەن یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزییەوە بایەخی پێدەدرا و لە هاوینی رابردوودا دەیویست بیباتە ریزەکانی، لە رێگەی گۆڕینەوەی بە ئەلیکساندەر لاکازێتی هێرشبەری فەرنسی، بەڵام هەردوو یانە دواجار نەگەیشتنە رێککەوتن و یاریزانەکە لە مەدرید مایەوە.
 
گاریس بەیڵ ئامادەیە بۆ ئەوەی یاریی نێودەوڵەتیی ژمارە 100ـی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی وێڵز بکات، کە لە لایەن رۆبێرت بیدجی راهێنەری ئەو هەڵبژاردەیەوە بانگهێشت کراوە، بۆ بەشداریکردن لە هەردوو یاریی بیلاڕووس و بەلجیکا لە چوارچێوەی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2022ـی قەتەر، کە مانگی داهاتوو بەڕێوەدەچن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە