رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی دیفێنسا سێنتڕاڵ، لە دوای یارییەکەی ریال مەدرید و ئۆڵۆمپیاکۆسی یۆنانی، کە بەبردنەوەی یانەی شاهانە بەئەنجامی 4-3 کۆتاییهات، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە ریال مەدرید ئەنجام دراوە و تیایدا 4 یان 5 ئەستێرەی سەرەکی یانەکە راشکاوانە گلەییان لە ئەلۆنسۆ کردووە و داوایانکردووە زینەدین زیدان وەک راهێنەر بگەڕێتەوە یانەکە.
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات. لەو کۆبوونەوەیەدا ئەستێرەکانی ریال مەدرید چابی ئەلۆنسۆیان تووشی شۆک کردووە و گوتوویانە "زیدانمان دەوێت".
راهێنەری ئیسپانی چابی ئەلۆنسۆ ماوەیەکی خراپ و سەخت لە ریال مەدرید بەڕێدەکات، دوای ئەنجامە خراپەکانی ئەم دواییەی، کە بوونەتە هۆی لەدەستدانی پێشەنگی خولی ئیسپانیا بۆ بەرژەوەندی بارسێلۆنای رکابەرە تەقلیدییەکەی.
یانەی شاهانە لەکۆی دوایین 5 یاری لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا تەنیا لە یەک یارییدا براوە بووە، هەروەها لە خولی ئیسپانیا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی 3 جار لەسەریەک یەکسان بووە بەرامبەر 3 یانەی بچووک، هەریەک لە رایۆ ڤایکانۆ، ئیڵچێ و جیرۆنا.
بەپێی ماڵپەڕی دیفێنسا سێنتڕاڵ، بەم دواییە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لە ریال مەدرید ئەنجامدراوە، کە تێیدا ژمارەیەک لە یاریزانان ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە بژاردە تاکتیکییەکانی راهێنەر چابی ئەلۆنسۆ.
لەم کۆبوونەوەیەدا، کە دوای بردنەوە لە ئۆڵۆمپیاکۆسی یۆنانی لە گەڕی پێنجەمی قۆناخی یەکەمی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا و پێش یەکسانبوون لەگەڵ جیرۆنا ئەنجامدراوە، گفتوگۆ لەسەر داهاتووی چابی ئەلۆنسۆ کراوە بەئامادەبوونی دیارترین یاریزانانی تیپەکە و کاپتنەکانی.
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، چوار یان پێنج یاریزانی سەرەکی لە ژووری جلگۆڕین ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی راهێنەر بۆ یارییەکان و پلانە تاکتیکییەکانی.
هەمان ئەو یاریزانانە داوای گەڕانەوەی ئەفسانەی فەرەنسی، زینەدین زیدانیان کردووە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی راهێنەرایەتی تیپەکە و رزگارکردنی لەم دۆخەی ئێستا.
زینەدین زیدان لە دوو ماوەی جیاوازدا راهێنەرایەتی ریال مەدریدی کردووە، یەکەمیان سەرکەوتوو بوو، کە سیانەیەکی مێژوویی بەدەستهێنا بەبردنەوەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بۆ سێجار لەسەریەک.
زیزۆ ئێستا دوورە لە کاری راهێنان، بەڵام بەمدواییە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند کە لە ماوەیەکی نزیکدا دەگەڕێتەوە بواری راهێنەرایەتی.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، بەپێی ماڵپەڕی دیفێنسا سێنتڕاڵ، سەرچاوەکانی ناو ریال مەدرید دووپاتیان کردووەتەوە کە ئێستا پۆستەکەی چابی ئەلۆنسۆ مەترسی لەسەر نییە سەرەڕای ئەنجامە خراپەکانی ئەم دواییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ