رووداو دیجیتاڵ
راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید پلانی هەیە بۆ راگرتنی هێڵی هێرشبەری بارسێلۆنا و جەخت لەوە دەکاتەوە تیپەکەی دەزانێت لە کوێوە دەتوانن ئازاری رکابەرەکەیان بدەن. لە بەرامبەردا هانزی فلیک سەرەڕای زۆری پێکانەکان دەڵێت بیانوو بە یاریزانەکانم نادەم.
لەم گەڕەی لالیگادا، ئاتلێتیکۆ مەدرید دوای زنجیرەیەک ئەنجامی باش کە 6 یارییە لەسەریەک براوە دەبێت، دەچێتە کامپ نو و رووبەڕووی بارسێلۆنای پێشەنگ دەبێتەوە.
دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید دەیەوێت درێژە بەو ئەنجامە باشانەی بدات، ئەگەرچی ئامارەکانی بەرامبەر یانە کەتەلۆنییەکە باش نین و لە کۆی 27 یاری لە لالیگا تووشی 17 دۆڕان بووە.
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی پێش یارییەکەدا، سیمیۆنی گوتی "ئەوان تیپێکن شێوازی تایبەتی خۆیان سەپاندووە و ستراتیژی هێرشبردنیان ناگۆڕن، خاوەنی چەندین بژاردەی جیاوازن".
سەبارەت بەشێوازی یاریکردنیان بەرامبەر پێشەنگی لالیگا، راهێنەرە ئەرجەنتینییەکە گوتی "ئەو یارییەی چاوەڕێی دەکەین زۆر روونە، ئەوان هێڵێکی هێرشبەری باوەڕپێنەکراویان هەیە، دەبێت زۆر بەهێزبین بۆ ئەوەی رکابەری بکەین، یارییەکە دەبەینە شوێنێک کە دەزانین دەتوانین تێیدا ئازاریان بدەین".
لای خۆیەوە هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا سەرەڕای ئەوەی دان بەوەدا دەنێت پێکانەکان کاریگەرییان هەبووە، بەڵام داوای بەردەوامی لە یاریزانەکانی دەکات و دەڵێت "هەمیشە گرنگە لە پێشەنگی خولەکە بیت، راستە پێکانمان هەبووە، بەڵام هەرگیز ئەوە ناکەینە بیانوو".
هانزی فلیک باسی لەوەشکرد بۆ ئەوەی بگەنە ئاستی وەرزی رابردوو پێویستیان بە جێگیربوونی پێکهاتەکەیان هەیە و گوتی "ئەمساڵ نەمانتوانیوە بەو جێگیرییە یاری بکەین، بەڵام دەمانەوێت باشترین ئاستی خۆمان پێشکێش بکەین و لەم یارییە براوەبین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ