سیمیۆنی نهێنی سەرکەوتنیان بەرامبەر بارسێلۆنا ئاشکرا دەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن دیێگۆ سیمیۆنی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید، دوای سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ دڵخۆشیی خۆی پێشاندا و دەڵێت سێ یارییمان ماوە بۆ ئەوەی نازناوەکە ببەینەوە.
 
سیمیۆنی، لە یارییەکەدا بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ، بەڵام بە سوود وەرگرتن لە ئەنجامی یاریی چوون خۆی گەیاندە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ و بۆ سێیەمجار لە کاروانی راهێنەرایەتیکردنیدا لە یانەکەدا توانیی بارسا بکاتە دەرەوە.
 
دوای یارییەکە دیێگۆ سیمیۆنی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا قسەیکرد و گوتی "یارییەکی نایابمان ئەنجامدا، بە کەشێکی وەهاوە کە هەر لەگەڵ گەیشتنی پاسی تیپەکە ئەو خەڵکە سەرسوڕهێنەر و بەجۆشەمان بینی، هەستمان کرد رووبەڕووبوونەوەکە دەبەینەوە. من 14 ساڵە لەم یانەیەم و هێشتا هەمان هەست و جۆش و خرۆشم هەیە. دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە بە یاریزانەکانم گوت "سوپاس، سوپاس، سوپاس."
 
سیمیۆنی زیاتر گوتی "وەکو راهێنەرێک تەواو سوپاسگوزارم بۆ ئەو ئاستە بەرزەی یاریزانەکانم پێشکێشیانکرد، بۆ ئەو وزە و جۆشە، بۆ ئەو دڵسۆزی و باوەڕەی هەمانە، بۆ هەموو ئەوەی ئەنجامماندا."
 
راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید بە رۆژنامەڤانانی گوت "بە ئارەزوو و جۆش و خرۆشەوە، سێ یارییمان ماوە، پێویستە ئەو سێ یارییەی ماوە بە سەرکەوتوویی تەواو بکەین، ئەمەش لەسەر بنەمای رێز، سادەیی و زانینی ئەوەی کە چیمان دەوێت. ئێمە زۆر بەڕوونی دەزانین چیمان لەبەردەستدایە و بۆ بەدەستهێنانی دەچینە پێشەوە."
 
سیمیۆنی زیاتر باس لە یارییەکە دەکات و دەڵێت "بەرامبەر تیپێک یارییمان کرد کە بەشێوەیەکی ناوازە یاریی دەکرد، خێراییەکی سەرسوڕهێنەریان هەبوو و کۆنتڕۆڵکردنیان زەحمەت بوو، دوای ئەوەی بە 2-0 دواکەوتین، زۆر هەوڵماندا سەرەڕای هەبوونی هەندێک هەڵەی تاکەکەسی. توانیمان بگەڕێینەوە نێو کەشی یارییەکە و ئارامیی خۆمان بپارێزێن، گۆڕینی ئەنجامەکەش بۆ 2-1 زۆر نایاب بوو."
 
دیێگۆ دەڵێت "نیوەی دووەمی یارییەکە هاوسەنگتر بوو، چوونە ناوەوەی نیکۆ، باینا و سۆرلۆس وزەیەکی نوێی پێبەخشین، تیپی بەرامبەر هەندێک لە خێراییەکەی لەدەستدا، ئەمەش هەلی دایە ئاراوخۆ و لیڤاندۆڤسکی بۆ ئەوەی پشت بە تۆپی بەرز ببەستن."
 
لەبارەی ئەوەی بۆچی لەسەرەتای یارییەکەدا خراپ بوون، سیمیۆنی گوتی "بەڵێ، بەڵام ئەمە هەمیشە ئەگەری هەیە رووبدات، ئەوان تیپێکی زۆر بەهێزن، کاتێک بەرامبەر تیپێکی لەمشێوەیە یاریی دەکەیت و هەڵە دەکەیت، ئەوان لێت خۆش نابن. بۆیە ئەوە چاوەڕوانکراو بوو، پێمان وابوو رەنگە گۆڵێک یان دووان بکەن. پێویست بوو یاریی بکەین و هێرش ببەین بۆ ئەوەی بتوانین شێوازی خۆمان بەسەپێنین. یارییەکە تەنیا لەسەر بەرگریکردن نەبوو، تەنانەت ئەگەر رکابەرەکەشت بە ناچاوی وات لێبکات. هەندێکجار ناتەوێت بەرگری بکەیت، بەڵام ئەوان ناچارت دەکەن، چونکە ناتوانیت تۆپیان لێ وەربگریتەوە."
 
سیمیۆنی باس لە نهێنی سەرکەوتنیان بۆ قۆناخی داهاتوو دەکات و بە رۆژنامەڤانانی گوت "لە هەموو یارییەکدا هەمان شت دەکەین، دەزانین تەنیا یەک رێگە هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی بارسێلۆنا، ئەویش هێرشبردنە. ئەمجارە زۆر تۆپیان لەلای خۆیان هێشتەوە، لە یاریی پێشوودا دۆخەکە هاوسەنگتر بوو، ئەگەر هێرشیان بۆ نەبەیت دەدۆڕێی، ئەوان لە هێرشبەریدا زۆر نایاب و لێهاتوون. ئاگاداری ئەو دەرفەتانە بووین کە هەمانبوو. لە جامی شاشدا لێرە نیوەیەکی نایابمان هەبوو، بەڵام لە نیوەی دووەمدا ئازارمان چەشت. لە چامپیۆنزلیگدا سوودمان لەو ساتە یەکلاکەرەوەیە وەرگرت کە لە بەرژەوەندی ئێمەدا بوون."
 
پرسیار لە سیمیۆنی کرا لەبارەی ئەوەی ئەمە چوارەم یاریی پێشکۆتایی لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید ئەنجامیدەدات، ئەو گوتی "بەڵێ، ئەمە چوارەمە، یارییکردن لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگدا شتێکی ناوازەیە، بە هەموو جۆش و متمانەیەکەوە دەچینە ئەو قۆناخە، خاڵە بەهێز و لاوازەکانی خۆمان دەزانین. متمانەیەکی زۆرمان هەیە و ئامادەین، دەچینە ئەوێ بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی چەندین ساڵە بەدوایدا دەگەڕێین."
 
لەبارەی رکابەری داهاتوویان لەنێوان هەردوو یانەی ئارسیناڵ و سپۆرتینگ، دیێگۆ سیمیۆنی دەڵێت "بۆ من گرنگ نییە کێیە، پێویستیمان بە پشووە، چونکە رۆژی شەممە یارییەکی کۆتاییمان هەیە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە