سۆن باشترینی ئاسیایە

03-01-2022
سه‌فین ته‌ها @safintaha
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سۆن هیونگ مین، ئەستێرەی یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزی بۆ ساڵی پێنجەم لەسەریەک بە باشترین یاریزانی کیشوەری ئاسیا لە ساڵی 2021 دەستنیشانکرا.
 
لە راپرسییەکی یەکێتیی تۆپی پێی ئاسیادا کە بۆ باشترین یاریزان لە کیشوەری ئاسیای کردبوو، سۆن هیونگ مین، ئەستێرەی یانەی تۆتێنهام و هەڵبژاردەی کۆریای باشوور وەک باشترین یاریزانی کیشوەرەکە دیاریکرا.
 
راپرسییەکە تایبەت بوو بە باشترین یاریزان لە کیشوەری ئاسیا، بەڵام مەرج نییە ئەو یاریزانە خەڵکی وڵاتێكی ئەو کیشوەرە بێت، بۆ نموونە ئۆسکاری بەرازیلی، ئینێستای ئیسپانی و بافیتیمبی گۆمێزی فەرەنسیش دەنگیان پێدرا، بەڵام رێژەیەکی زۆر کەمی دەنگەکانیان بەدەستهێنابوو.
 
سۆن لە ساڵی 2021ـدا 17 گۆڵی بۆ یانەی تۆتێنهام تۆمارکرد، لەگەڵ هاری کەیندا دووانەیەکی زۆر مەترسیداریان پێکهێنابوو، لەگەڵ هەڵبژاردەی کۆریای باشووریش لە کۆی 8 یاریدا 4 گۆڵی تۆمارکرد، هەڵبژاردەکەی گەیاندە قۆناخی کۆتایی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2022.
 
لە راپرسییەکەدا 47 ئەندامی یەکێتییە وەرزشییەکانی ئاسیا بەشدارییانکرد، سۆن بۆ ساڵی پێنجەم لەسەریەک وەک باشترین یاریزانی دیاریکرا، لە ماوەی 9 ساڵی رابردوودا 7 جار ئەم خەڵاتەی بردووەتەوە. 
 
سۆن بە کۆی 242 خاڵ پلەی یەکەمی بردەوە، سەردار ئازموونی ئێرانی بە 111 خاڵ لە پلەی دووەم هات، مەهدی تارمی کە ئەمیش ئێرانییە 90 خاڵی بردەوە، ئینجا سالم ئەلدۆسەریی سعودی و تاکیهیرۆ تۆمیاسۆی ژاپۆنی پلەکانی چوارەم و پێنجەمیان بەرکەوت.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە