رووداو دیجیتاڵ
یانەی هەولێر لە یارییەکی پڕ لە جۆشوخرۆش و دراماتیکیدا، سەرکەوتنێکی گرنگی لە گەڕی 22ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەرامبەر یانەی مینا بەدەستهێنا. شێرزوود تێمیرۆڤ، هێرشبەری ئۆزباکی بووە پاڵەوانی یارییەکە و بە تۆمارکردنی سێ گۆڵ، سێ خاڵی گرنگی بۆ تیپەکەی لەنێو یاریگەی فڕانسۆ هەریری مسۆگەر کرد،
یارییەکە لە کەشێکی ئارام و بێ هاندەر دەستیپێکرد، بەڵام رووداوەکان زۆر بە گەرمی دەستیان پێکرد. هەر لە خولەکی سێی یارییەکەدا، موهەنەد عەبدولرەحیم کەرار گۆڵی یەکەمی بۆ یانەی مینا تۆمارکرد. دوای دوو خولەک و گەڕانەوە بۆ ڤار، سەجاد خالید، ناوبژیوان گۆڵەکەی بە دروستی هەژمارکرد. ئەم گۆڵە پێشوەختەیە یاریزانانی هەولێری خستە ژێر گۆشارێکی زۆر، بەڵام زۆری نەبرد هەوڵەکانی قەڵای زەرد ئەنجامیان هەبوو، لە خولەکی 39دا شێرزوود تێمیرۆڤ گۆڵی یەکسانبوونی تۆمارکردەوە و نیوەی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتایی هات.
لە نیوەی دووەمدا، هەولێر بە ئامانجی بردنەوە گەڕایەوە نێو یاریگە. لە خولەکی 64دا جارێکی دیکە ڤار بووە بڕیاردەر و لێدانێکی سزای بۆ هەولێر هەژمارکرد، دواتر راهێنەری مینا نارەزایی دەربڕی و بڕیاریدا یارییەکە تەواونەکرێت، بەڵام دوای ئەوەی یارییەکە بۆ ماوەی 15 خولەک وەستێنرا، یاریزانانی مینا گەڕانەوە نێو یاریگە
تێمیرۆڤ لە خولەکی 74دا سەرکەوتووانە لێدانە سزاکەی جێبەجێی کرد و یانەکەی پێشخست. کاتێک یارییەکە بەرەو دوایین خولەکەکان دەچوو، مورتەزا عەلی لە خولەکی 87دا گۆڵی دووەم و یەکسانبوونی بۆ مینا تۆمارکرد، ئەمەش یارییەکەی هێنایەوە خاڵی سفر.
لە کاتە زیادکراوەکاندا، تێمیرۆڤ نەیویست هەولێر تەنیا بە خاڵێک بچێتە ژووری جلگۆڕین، لە خولەکی 7+90دا گۆڵی سێیەم و سەرکەوتنی تۆمارکرد. بەم بردنەوەیە هەولێر پێگەی خۆی لە ریزبەندی خولەکە بەهێزتر کرد و لە پلەی چوارەمی ریزبەندی خولەکە دێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ