سەرۆکی فیفا لەبارەی پێلێ داواکارییەکی لە هەموو جیهان هەیە

03-01-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن جیانی ئینفانتینۆ پێلێ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا لە بەرازیل بەشداری لە رێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی پێلێ کرد و لەبارەی ئەو ئەفسانەیەوە داوایەکی لە هەموو وڵاتانی جیهان کرد.
 
سەرۆکی فیفا، لەبارەی پێلێ گوتی "پێلێ میراتێکی گەورەی تۆپی پێی بەدوای خۆیدا بەجێدەهێڵێت، میراتێک کە دەگمەنە، پێلێ پێموایە بەهرەکەی دیارییەک بوو لە خواوە پێیبەخشرابوو، بەهرەیەک کە کەم کەس هەیبووە.  بەهرەیەک دەست لە دڵ و هەستی خەڵک دەدات". 
 
ئە زیاتر گوتی "سەدان هەزار، ملیۆنان و ملیارەها کەسی وەک من نەیانبینیوە پێلێ یاری بکات، بەڵام باسی دەکەن. من بەختم هەبوو کە ئەوم ناسی و شانازی بەوە دەکەم کە چاوم پێیکەوتووە، بەڵام نەمبینی یاری بکات، باوکم کە یاری ئەوی بینیوە باسی ئەوی بۆ کردم، بۆیە من پێشبینی دەکەم ئەو میراتەی بەجێیدەهێڵێت ئەوەیە کە لە یاریگادا کردوویەتی، مەبەستم ئەوەیە هەموو ئەو کارانەی کردووە کە خەونی پێیەوە دەبینی 99٪یان ئەنجامی بدات، ئەو لەسەدا یەکەی ماوەتەوە دەتوانێت یەکێک لەو کارانە بکات کە ئەو دەیکرد و ئەو یەکەم کەس بوو کە ئەو کارەی کردووە". 
 
ئینفانتینۆ لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە پێلێ گوتی "بۆیە ئەو بۆ هەمیشە لە دڵماندا دەمێنێتەوە. دەبێت دڵنیابین لەوەی لەبیرمانە و با جیهان بۆ هەمیشە پێلێ لەبیربێت. هەر بۆیە ئێمە لێرەین بۆ رێزلێنان لەو". 
 
سەرۆکی فیفا داواکارییەکی لە وڵاتانی جیهانیش کرد و گوتی "داوا لە هەموو فیدراسیۆنەکانی تۆپی پێ دەکەین بۆ رێزگرتن لە پێلێ خولەکێک بێدەنگی بوەستن، هەروەها داوا لە هەموو وڵاتان دەکەین کە ناوی یەکێک لە یاریگاکانیان بە ناوی پێلێ ناوبنێن، چونکە دوای 50 یان 100 ساڵ کاتێک خەڵک دەپرسن پێلێ کێ بووە، پێویستە پییانبڵێن پێلێ کێیە و چۆن گۆڵی تۆمارکردووە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە