بارسێلۆنا بەدوای ریمۆنتادایەکی مێژووییدا دەگەڕێ و ئاتلێتیکۆ خەون دەبینێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن بارسێلۆنا ئاتلێتیکۆ مەدرید
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

بارسێلۆنا بۆ گەڕانەوەیەکی مێژوویی و قەرەبووکردنەوەی شکستی گەورەی یاری چوون، میوانداری ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات. یانە کەتەلۆنییەکە بێ چەند ئەستێرەیەکی سەرەکی دەچێتە نێو یاریگەی کامپ نو و ئامانجییەتی پەرجوو ئەنجام بدات. ئاتلێتیکۆ مەدریدیش دەیەوێت سوود لە ئەنجامی یاری چوون وەربگرێت و بگاتە یاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیا.
 
بارسێلۆنا لە یاریگەی کامپ نو و لە کاژێر 23:00 بەکاتی باشووری کوردستان، میوانداریی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات. یارییەکە لە چوارچێوەی یاری گەڕانەوەی قۆناخی پێش کۆتایی جامی شای ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت. بارسێلۆنا ئەرکێکی قورسی هەیە، چونکە لە یاری چووندا بە ئەنجامی 4-0 گۆڵ، لە ناو یاریگەی میترۆپۆلیتانۆ دۆڕاوە. 
 
ریکاردۆ دی بۆرگۆس بێنگۆیتێکسا ناوبژیوانی یارییەکەیە، ئەو ناوبژیوانە پێشتر یارییە گرنگەکانی وەک دێربی سێڤییای بەڕێوەبردووە.
 
لە یاری چووندا تیپەکەی دیێگۆ سیمیۆنی بە تەواوی باڵادەست بوون، گۆڵەکان لەلایەن ئانتوان گریزمان، ئەدێمۆلا لوکمان، جولیان ئەلڤارێز و گۆڵێکی بە هەڵە لەلایەن ئێریک گارسیا تۆمارکران. بارسێلۆنا ئێستا پێشەنگی لالیگایە و بە ورەیەکی بەرزەوە دەچێتە یارییەکە، بەتایبەت دوای سەرکەوتنی 4-1 بەرامبەر ڤیاڕیال و تۆمارکردنی هاتریک لەلایەن لامین یامال. ئاتلێتیکۆ مەدریدیش لە پلەی سێیەمی لالیگا دێت و دوایین یاری بەرامبەر ریال ئۆڤێدۆ بە گۆڵێکی جولیان ئەلڤارێز بردووەتەوە.
 
بارسێلۆنا لەم یارییەدا رووبەڕووی کێشەی پێکان بووەتەوە. رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی بەهۆی پێکانی لە چاوی چەپی، فرێنکی دی یۆنگ بەهۆی پێکان لە رانی و ئەندریاس کریستنسن بەهۆی پچڕانی بەستەری ئەژنۆ بەشداری ئەم یارییە ناکەن. هەروەها ئێریک گارسیا بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاری پێشوو، سزادراوە. گەڕانەوەی پێدری، رافینیا و راشفۆرد هەواڵی دڵخۆشکەرن بۆ هانزی فلیک. ئاتلێتیکۆ مەدریدیش بەبێ جۆنی کاردۆسۆ و پابلۆ باریۆس یاری دەکات.
 
میدیاکانی ئیسپانیا پێشبینی دەکەن بارسێلۆنا هێرشبەرانە یاری بکات و سوود لە یاریگەی خۆی وەربگرێت. راهێنەری بارسێلۆنا رەنگە بە پێکهاتەی 4-2-3-1 یاری بکات و فێران تۆرێس لە شوێنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی یاریی پێبکات. لە بەرامبەردا پێشبینی دەکرێت ئاتلێتیکۆ مەدرید پشت بە بەرگرییەکی تووند و هێرشی پێچەوانە ببەستێت، لەرێگەی جولیان ئەلڤارێز و ئەدیمۆلا لوکمان و وابکات ئەنجامەکە بە یەکسانبوون یان لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێ بێنێت. 
 
چاوەڕوان دەکرێت بارسێلۆنا یارییەکە بباتەوە، بەڵام بەپێی ئەگەرەکان گەیشتن بە یاری کۆتایی بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید نزیکترە.
 
بارسێلۆنا پێشتر ریمۆنتادایەکی مێژوویی لە 8ـی مانگی 3ـی 2017 بەرامبەر پاریس سانجێرمان کردووە، ئەو کاتەی توانی شکستی 4-0 بە سەرکەوتنی 6-1 لە کامپ نو هەڵبگەڕێنێتەوە.
 
ئەمە تەنیا یادەوەرییە بارسێلۆنا توانیبێتی شکستێکی چوار گۆڵ قەرەبوو بکاتەوە، ئێستاش دەیەوێت ئەو پەرجووە بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید دووبارە بکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە