ریال مەدرید بەرگریکەرێکی باڵ دەگێڕێتەوە ریزەکانی

03-05-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید گواستنەوەی هاوینە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید بڕیاریداوە گۆڕانکاریی بەرچاو لە پێکهاتەکەیدا بکات بۆ وەرزی نوێ و بیر لە گێڕانەوەی بەرگریکەرێکی باڵی پێشووی خۆی بۆ ریزەکانی دەکاتەوە.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، تیۆ هێرناندێزی بەرگریکەری باڵی یانەی میلان، لەنێو بایەخ و چاودێری ریال مەدریدایە و ئەو یانەیە دەیەوێت هاوینی ئەمساڵ ئەو یاریزانە بگێڕێتەوە ریزەکانی.
 
سەرچاوە ئیسپانییەکان ئاشکرایانکردووە، ریال مەدرید گەڕانی ورد بەدوای ژمارەیەک بەرگریکەری باڵی راستدا دەکات، بۆ ئەوەی لە هاویندا گرێبەست لەگەڵ یەکێکیان بکات و تیۆ هێرناندێزی بەرگریکەری فەرەنسی، سەرووی ئەو لیستەی گرتووە کە یانەکە ئامادەیکردوون.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن، "گەڕانەوەی تیۆ هێرناندێز بۆ ریال مەدرید دەکرێ بەبژاردە رۆمانسییەکە ناوببرێت، بەڵام بەشی زۆری ئەو مەرجانە جێبەجێدەکات کە یانەکە بەشوێنیدا دەگەڕێت، لەبەرئەوەی تیۆ یاریزانێکی بەئەزموونە و تەمەنی 27 ساڵە، هەروەها گرێبەستەکەی لە 2026 لەگەڵ میلان کۆتایی دێت و ئەوەش کارئاسانی بۆ گەڕانەوەکەی دەکات، جیا لەوەی کە ئەو یاریزانە بەکەشوهەوای ریال مەدرید ئاشنایە و زوو لەگەڵ تیپەکەدا دەگونجێت".
 
تیۆ هێرناندێز دەرچووی ئەکادیمیای ریال مەدریدە، وەک سەرچاوەکان دەڵێن، ئەو لە "وەرزی 2017 - 2018 لە پێکهاتەی تیپەکەدابوو کاتێک زینەدین زیدان راهێنەری ریال مەدرید بوو، بەڵام ئەوکات ئاڵنگارییەکە بۆ ئەو زۆر قورسبوو، چونکە تەمەنی 19 ساڵ بوو و یاریزانێکی وەک مارسێلۆ لە هەمان شوێنی ئەودا یارییدەکرد".
 
بەپێی هەمان ئەو سەرچاوانە، "گەڕانەوە بۆ بێرنابیۆ جێگەی خۆشحاڵیی گەورەی تیۆ دەبێت، چونکە هێشتا خەمی ئەوەی لە دڵدایە کە جاری یەکەم لەگەڵ یانەکە سەرکەتوو نەبووە و دەیەوێت باشیی خۆی بسەلمێنێت".
 
بەهای بازاڕیی ئەو یاریزانە ئێستا 40 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام پێشبینیدەکرێت میلان داوای زیاتر لە 50 ملیۆن یۆرۆ بکات بۆ دەستبەرداربوون لێی، لە کاتێکدا ریال مەدرید هیواخوازە لەبەرئەوەی ماوەی کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە ئیتاڵییەکە نزیکە، بەکەمتر لەو نرخە، ئەو یاریزانە بگەڕێنێتەوە ریزەکانی.
 
تیۆ هێرناندێز لە ساڵی 2019ەوە پەیوەندی بە میلانەوە کردووە و 259 یاریی بۆ ئەو یانەیە ئەنجامداوە و 34 گۆڵی تۆمارکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە