قومارە گەورەکەی پێرێز.. 5 هۆکار سەرکەوتن یان شکستی ئەربێلوا لەگەڵ ریال مەدرید یەکلاییدەکەنەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن چابی ئەلۆنسۆ فلۆرێنتینۆ پێرێز کلاسیکۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە ساتێکی دراماتیکیدا کە  گەشبینترینەکانی کەتەلۆنیا و رەشبینترینەکانی مەدرید پێشبینییان نەدەکرد، فلۆرێنتینۆ پێرێز و  چابی ئەلۆنسۆ بە ریککەوتنێکی دوولایەنە، رێککەوتن کە ئەلۆنسۆ دەستبەرداری ئەرکی راهێنەرایەتیی ریال مەدرید ببێت.
 
سەرسوڕمانەکە لە خودی جیابوونەوەکە نەبوو، بەڵکو لەو جێگرەوەیەدا بوو کە پێرێز هەڵیبژارد بۆ شوێنی ئەلۆنسۆ. ئەلڤارۆ ئەربێلوا، ئەو راهێنەرەی کە پێشتر هەرگیز ئەزموونی سەرپەرشتیکردنی تیپێکی لە ئاستی بەرزدا نەبووە.
 
ئەمە قومارێکی گەورەیە و گرەوکردنە لەسەر رۆحی یانەکە لە بەرامبەر کەمیی ئەزمووندا.
 
ئەو هۆکارانە چین کە ئەربێلوا دەکەن بە ئەفسانەیەک وەک زیدان و گواردیۆلا، یان دەبێتە قوربانییەکی دیکەی دەستی پێرێز؟
 
1 - پشتوپەنای هاندەران، کوڕە دڵسۆزەکەی یانەکە
 
یەکەمین هۆکار کە لە بەرژەوەندی ئەربێلوادایە، پارێزبەندییە لای هاندەران، ئەربێلوا تەنیا راهێنەرێکی ئاسایی نییە کە بەسەر یانەکەدا تێپەڕێت، بەڵکو ئەو سەربازە دڵسۆزەی مەدریدە کە ساڵانێکی زۆر لەنێو یاریگە و دەرەوەیدا بەرگری لە درێسە سپییەکە کردووە.
 
ئەم پشتگیرییە متمانەیەکی زیاتر دەبەخشێت بە ئەربێلوا، بەجۆرێک کە هاندەران زیاتر ئارام دەگرن لەسەری وەک لەوەی بەرامبەر کەسانی دیکە هەیانبووە، چونکە وەک کوڕی یانەکە دەبینرێت کە لە ئازار و خولیاکانی مەدریدییەکان تێدەگات، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گوشارە دەروونییەکان لە ئەگەری هەر سەرەتایەکی پڕ لە کۆسپدا.
 
2 - نهێنییەکانی ڤاڵدیبیباس.. ئەو راهێنەرەی شارەزای هەموو کون و کەلەبەرێکی یانەکەیە.
 
لەکاتێکدا راهێنەرە بیانییەکان پێویستیان بە چەندین مانگە بۆ تێگەیشتن لە کلتووری ریال مەدرید و وردەکارییەکانی کارکردن لەناو ڤاڵدیبیباس، ئەربێلوا دەست بە ئەرکەکەی دەکات لەکاتێکدا شارەزای هەموو سوچ و پەنایەکی بنکەی مەشق و راهێنانەکانە.
 
کارکردنی بۆ ماوەی 5 ساڵ لە تیپی لاوان، ئەزموونێکی پێبەخشیوە دەربارەی کارگێڕی و هونەری، هەروەها دەربارەی سروشتی ئەو گوشارانەی کە لەنێو رێڕەوەکانی یانەی شاهانەدا بوونیان هەیە. 
 
ئەربێلوا پێویستی بەماوەی خۆگونجاندن نییە، چونکە ئەو بەشێکە لەم قەوارەیە، ئەم شارەزاییە کاتێکی زۆری بۆ دەگەڕێنێتەوە لە رێکخستنەوەی پلان و بەرنامە هونەرییەکانیدا.
 
3 - ئەستێرە و گەوهەرەکانی کاستیا
 
ئەربێلوا خاوەنی تایبەتمەندییەکە کە بۆ زۆر کەس ناڕەخسێت، ئەویش کاتی دەستبەکاربوونییەتی، ئەو سەرپەرشتی تیپێک دەکات کە کۆمەڵێک لە باشترین یاریزانانی جیهانی تێدایە وەک کیلیان ئێمباپێ، ڤینیسیۆس جۆنیۆر و جود بێلینگهام.
 
بەڵام لە توانای ئەودایە بۆ تێکەڵکردنی ئەم ئەستێرانە لەگەڵ ئەو گەوهەرانەی کە پێشتر لە تیپی کاستیا مەشقی پێ کردوون، ئەربێلوا دەزانێت چۆن باشترین تواناکانی ئەو بەهرەمەندە گەنجانە دەربهێنێت، ئەمەش لەوانەیە ئاوێتەیەک دروست بکات کە ئەزموونی ئەستێرەکان و جۆش و خرۆشی ئەو گەنجانە کۆبکاتەوە.
 
4 - برسییەتی بۆ سەلماندنی خۆی و پێگەی
 
هەمیشە ئارەزووی سەلماندنی پێچەوانەی پێشبینییەکان راهێنەری مەزن دروست دەکات، ئەربێلوا باش دەزانێت کە زۆر کەس گومانیان لە توانای ئەو هەیە بۆ بەڕێوەبردنی ژوورێکی جلگۆڕینی پڕ لە ئەستێرە، ئەمەش بەهۆی کەمیی ئەزموونی لەگەڵ تیپی گەورەدا.
 
ئەم گومانکردنە ئەو سووتەمەنییەیە کە پاڵی پێوە دەنێت، چونکە ئەو بەئارەزوویەکی بێسنوورەوە دەست بە ئەرکەکە دەکات بۆ ئەوەی بسەلمێنێت کە تەنیا بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی نییە، بەڵکو پڕۆژەی ئەفسانەیەکە. ئەم جۆرە پاڵنەرە دەروونییە هەمان ئەو شتە بوو کە وای لە گواردیۆلا کرد لە یەکەم ساڵیدا لەگەڵ بارسێلۆنا ئەورووپا داگیر بکات.
 
5 - گێڕانەوەی ئەو دوژمنایەتییەی لە کلاسیکۆدا ون بووبوو
 
دواجار، ئەربێلوا خاوەنی کاریزمایەکی جەنگاوەرانەی تایبەتە بەرامبەر رکابەرە دێرینەکەی، بارسێلۆنا. لە ساڵانی دواییدا، لەوانەیە کلاسیکۆ هەندێک لەو تووندی و رۆحیەتە جەنگاوەرانەیەی لەدەستدابێت کە تایبەتمەندی سەردەمی مۆرینیۆ بوو.
 
ئەربێلوا، کە قوتابییەکی لێهاتووی مۆرینیۆیە، دەتوانێت جارێکی دیکە رۆحی دوژمنایەتی وەرزشی لە دەروونی یاریزانەکانیدا بچێنێت. ئەو باش تێدەگات کە بردنەوە لە بارسێلۆنا تەنیا بەدەستهێنانی 3 خاڵ نییە، بەڵکو گێڕانەوەی شکۆیە. 
توانای ئەو لە ئامادەکردنی دەروونیی یاریزانەکان پێش رووبەڕووبوونەوە گەورەکان، رەنگە ببێتە کلیلێک بۆ شکاندنی هەژموونی بارسێلۆنای هانزی فلیک.
 
لە کۆتاییدا، ئەربێلوا لەبەردەم دووڕیانێکدایە یان ئەوەتا ئەم هۆکارانە دەقۆزێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە زیدانێکی نوێ کە بە هێمنییەکی پڕ لە متمانەوە نازناوەکان بەرزدەکاتەوە، یان ئەوەتا گوشارەکانی بێرنابیۆ دەیشێلن کە بەزەییان بە کەسدا نایەتەوە.
 
هەرچۆنێک بێت فلۆرێنتینۆ پێرێز گرەوەکەی کرد و ئێستاش تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەربێلوادایە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە