ریال مەدرید گۆڵپارێزێکی باشتر لە خوان گارسیای دۆزیوەتەوە

03-06-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لوکاس شیڤالێ ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

پێکانی ئەم دواییەی تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی بەلجیکی، ریال مەدریدی ناچارکردووە بەدوای گۆڵپارێزێکی بەتوانادا بگەڕێت. چابی ئەلۆنسۆ یەکێکیانی دۆزیوەتەوە کە پێیوایە زۆر لە خوان گارسیای گۆڵپارێزی ئیسپانیۆل باشترە، کە پێدەچێت بۆ چوونە بارسێلۆنا، ریال مەدریدی رەتکردبێتەوە.
 
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی رۆژنامەڤانی، ریال مەدرید نزیکە لە گواستنەوەی گۆڵپارێزێکی نوێ بۆ جێگرتنەوەی کۆرتوا کە دوای پێکانەکەی ئەم دواییەی هێشتا دیار نییە کەی دەگەڕێتەوە.
 
ئەوەی باس دەکرێت لوکاس شیڤالێی گۆڵپارێزی فەرەنسیی یانەی لیلە، کە تەمەنی 24 ساڵە و یەکێکە لە باشترین گۆڵپارێزانی خولی فەرەنسی ئەگەر باشترینیان نەبێت.
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، چابی ئەلۆنسۆ چاودێری ئەو گۆڵپارێزەی کردووە بە کارگێڕیی ریال مەدری گوتووە ئەو لە خوان گارسیا باشترە.
 
ریال مەدرید بەفەرمانی ئەلۆنسۆ لەنزیکەوە چاودێری پێشهاتەکانی پێگەی گۆڵپارێزی تیپەکە دەکات، کە گرێبەستەکەی تیبۆ کۆرتوا لەساڵی 2026 کۆتایی دێت، هەروەها ئاندرێ لونینی گۆڵپارێزی دووەمی مێرینگێش گرێبەستەکەی لەساڵی 2030 کۆتایی دێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەمیان لەم هاوینەدا یانەکەی جێبهێڵێت، چونکە رازی نییە وەک گۆڵپارێزی یەدەگ بمێنێتەوە. 
 
شارەزایانی ریال مەدرید پێیانوایە لۆنین رەواجێکی باشی لە بازاڕدا هەیە و لەوانەیە پێیان باش بێت دوور لە سێبەری کۆرتوا دەست بە کاروانێکی نوێی وەرزشی بکات.
 
کۆرتوای بەلجیکی بەیەکێک لە باشترین گۆڵپارێزەکانی جیهان دادەنرێت و ئەمەش هۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی کاتی یاریکردنی لونینە. یانەکە زۆر ستایشی پیشەگەری و ئاستە نایابەکەی دەکات هەرکاتێک لە یارییەکاندا دەردەکەوێت، چونکە پایەیەکی سەرەکی بوو لە سەرکەوتنەکانی ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگی 2024ـدا.
 
پێکانەکەی ئەم دواییەی کۆرتوا نیگەرانی لەنێو یانەکەدا دروستکردووە، ئەمەش وایکردووە ریال مەدرید بیر لە چەند بژاردەیەک بکاتەوە بۆ وەرگرتنی پۆستی گۆڵپارێز، کە یەکێک لەوانە خوان گارسیای گۆڵپارێزی ئیسپانیۆل بوو، کە لەم وەرزەدا پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بە یەکێک لە باشترین گۆڵپارێزەکانی ئیسپانیا دادەنرێت، بەڵام لەبەرئەوەی نزیکترە لە چوونە بارسێلۆنای رکابەری هەمیشەیی ریال مەدرید، یانەی شاهانە بیر لە  لوکاس شیڤالێی گۆڵپارێزی فەرەنسی دەکاتەوە.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی بێرنابیۆ دیجیتاڵ، لوکاس شیڤالیێی گۆڵپارێزی یانەی لیل سەرنجی بەرپرسانی یانەکەی راکێشاوە و دەکرێت گرێبەستێکی هاوینەی سەرسوڕهێنەر بێت. 
 
پیناچێت ریال مەدرید بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ شیڤالێی تەمەن 24 ساڵی رووبەڕووی گرفت و ئاستەنگی زۆر ببێتەوە، چونکە سەرەڕای ئەوەی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی لیل لەساڵی 2027 کۆتایی دێت، بەڵام بەهای مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی نزیکەی 30 ملیۆن یۆرۆیە.
 
شیڤالێ بەوە ناسراوە کە زۆر لێهاتووە لە یاریکردن بەهەردوو قاچەکانی، هەروەها خاوەنی هێزێکی جەستەیی باشە و کاردانەوەی زۆر خێرایە، کە ئەمانە سیفەتی زۆر پێویستی گۆڵپارێزی بەتوانان.
 
پێشبینی دەکرێت لوکاس شیڤالیێ بەم زووانە روو لە پایتەختی ئیسپانیا بکات، ئەگەرچی چەند یانەیەکی دیکەی گەورەی ئەورووپاش دەیانەوێت گرێبەستی لەگەڵ بکەن، بۆیە ئایندەی هێشتا بەتەواوی دیار نییە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە