رووداو دیجیتاڵ
تەقینەوەی کێشەیەکی گەورە لە بارسێلۆنا بەڕێوەیە و خوان گارسیا دەیەوێت تێر شتیگن لە یانەکە دەربکات!
لە پشت پەردەی یانەی بارسێلۆنا، گرژییەکی بێوێنە لەنێوان گۆڵپارێزەکان سەریهەڵداوە کە نیگەرانییەکی زۆری لای کارگێڕیی و ستافی تەکنیکی دروست کردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە وەرز گەیشتووەتە قۆناخێکی یەکلاکەرەوە.
چیرۆکەکە هێشتا هەموو وردەکارییەکانی ئاشکرا نەکراون، بەڵام ئاماژە سەرەتاییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو رکابەرییە ناوخۆییە خەریکە دەگۆڕێت بۆ قەیرانێکی راستەقینە و لەوانەیە کار بکاتە سەر سەقامگیریی گشتی تیپەکە لە یارییەکانی داهاتوودا.
دۆخی گۆڵپارێزانی بارسا گەیشتووەتە ئاستێکی هەستیار، بەتایبەت دوای زیادبوونی ناکۆکییەکانی نێوان خوان گارسیا و مارک ئاندرێ تێر شتیگن.
بەپێی سەرچاوەکانی نزیک لە یانەکەوە، خوان گارسیا دوای یاریی دێربیی، کە رۆڵێکی سەرەکی بینی لە بردنەوەی بارسێلۆنا لە ئیسپانیۆل، بەڕاشکاوی هانزی فلیکی راهێنەری ئاگادارکردووەتەوە کە نایەوێت لە مانگی یەکەوە لە ژووری جلگۆڕیندا بێت. گارسیا پێیوایە هەڵسوکەوتەکانی گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە لە رابردوودا 'ناوەرزشییانە' بووە و کاریگەری نەرێنی لەسەر تیپەکە هەیە.
خوان گارسیا لەو بڕوایەدایە کە تێر شتیگن وەک سەرکردەیەکی راستەقینە لە پێگەی دووەمی تیپەکەدا مامەڵە ناکات و بوونی ئەو لەوێدا تەنیا گوشار و دڵەڕاوکێ دروست دەکات نەک پاڵپشتی، ئەمەش لەوانەیە ئاستی بە کۆمەڵی یانەکە پەکبخات. بۆیە وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن، خوان زۆر راشکاوانە بە فلیکی راهێنەری گوتووە "ئەگەر شتیگن هەڵسوکەوتی نەگۆڕێت و نەبێتە هاوکارێکی باش بۆ تیپەکە، ئەوا باشترە لە مێرکاتۆی زستانەدا ریزەکانی یانەکە جێبهێڵێت".
ستافی تەکنیکی بارسا لەم دۆخە ئاگادارن و هەرچەندە رێز لە پیشەگەریی هەردوو گۆڵپارێزەکە دەگرن، بەڵام دەزانن کە بوونی ئەم دوو جەمسەرە پێکەوە لە یەک شوێندا دەبێتە کێشەیەکی کوشندە ئەگەر بەخێرایی چارەسەر نەکرێت.
چارەسەرە ئەگەرییەکان
لەسەروبەندی ئەم قەیرانەدا، یانەی جیرۆنا وەک بژاردەیەکی گونجاو بۆ تێر شتیگن دەردەکەوێت، کە لەوانەیە گواستنەوەی بۆ ئەوێ ئارامی بۆ بارسا بگەڕێنێتەوە، بەڵام مووچە زەبەلاحەکەی و گرێبەستە درێژخایەنەکەی شتیگن رێگرێکی گەورەن لەبەردەم ئەم هەنگاوەدا.
لەلایەکی دیکەوە، خوان گارسیا دەرگای بۆ چارەسەری ئاشتییانە بەکراوەیی هێشتووەتەوە؛ ئەگەر شتیگن هەڵوێستێکی هاوکارانە بگرێتە بەر، دەکرێت کێشەکە لەناوخۆدا کۆتایی پێبهێنرێت، بەڵام مانەوەی شتیگن لە ژووری جلگۆڕیندا لەژێر ئەم هەموو گوشارەدا، لەوانەیە بڕیارێکی مەترسیدار بێت و تەواوی سەقامگیریی یانەکە بخاتە ژێر هەڕەشەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ