رووداو دیجیتاڵ
لیام رۆسێنیۆرو وەک بەربژێرێکی سەرەکی بۆ بوون بە راهێنەری داهاتووی چێڵسی دەرکەوتووە، چەندین راپۆرت ئاماژە بەوە دەدەنو کە یانەکە بەڕاستی بیر لە راهێنەرەکەی ئێستای ستراسبۆرگ دەکاتەوە. سەرچاوە نزیکەکان لە بارودۆخەکە ئاماژە بەوە دەکەن کە گفتوگۆکان پێشتر ئەنجام دراون، لە نێوخۆی یانەکەدا وا لە رۆسێنیۆر دەڕوانرێت کە زۆر گونجاو بێت بۆ پڕۆژە درێژخایەنەکەی چێڵسی.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی لەپشت بایەخپێدانی چێڵسی بەو راهێنەرە، ئەوەیە خاوەندارێتی هاوبەش هەیە لە نێوان ئەم دوو یانەیە، چێڵسی و ستراسبۆرگ هەردووکیان خاوەندارێتییان لەلایەن کۆمپانیای 'BlueCo'وە دەکرێت، ئەمەش رێگەی بە بەرپرسانی باڵای هەردوو یانە داوە، لە نزیکەوە چاودێری کارەکانی رۆسێنیۆر لە خولی فەڕەنسیدا بکەن. ئاستی تیپەکەی لە ستراسبۆرگ، کە تێیدا ناسنامەیەکی تەکتیکیی روونی چەسپاندووە، یانەکەی گەیاندە پلەیەکی بەرزی ریزبەندی خولەکە و بە پێکهاتەیەکی گەنجەوە سەرکردایەتی کردن بۆ پێشەنگی کۆمەڵەکەیان لە کۆنفرانسلیگ، هەموو ئەمانە سەرنجی بەرپرسانی باڵای چێڵسییان راکێشاوە.
راپۆرتەکان ئاماژە بەوەشدەدەن کە فەلسەفەی تۆپی پێی رۆسێنیۆر، زۆر لە دیدگای چێڵسییەوە نزیکە، ئەو بەوە ناسراوە کە برەو بە تۆپی پێیەک دەدات کە پشت بە کۆنترۆڵکردنی تۆپ دەبەستێت و پێشکەوتووە، هەروەها بایەخ بە پێگەیاندنی یاریزانە گەنجەکان دەدات، ئەو تایبەتمەندییانەی تێدایە کە بەرپرسانی چێڵسی بە گرنگییەکی زۆرەوە لێیان دەڕوانن، بە لەبەرچاوگرتنی تەمەنی یاریزانانی پێکهاتەی ئێستای یانەکە. سەرچاوەکانی نێو یانەکە بڕوایان وایە، شێوازە تەکتیکییەکەی ئەو لەگەڵ ئەو ئاراستەیە دەگونجێت کە چێڵسی دەیەوێت پێیدا بڕوات، دوای ئەو ناجێگیرییەی لە ماوەی رابردوودا بەخۆیانەوە بینییان لەگەڵ ئینزۆ مارێسکا.
رۆسێنیۆر بە شێوەیەکی ئاشکرا لەلایەن کەسایەتییەکانی نێو تۆپی پێی ئینگلتەراوە پشتگیری لێکراوە. رۆسێنیۆر، یاریدەدەری وەین روونی بوو لە یانەی دێربی کاونتی، زۆرجار روونی بە ئەرێنی باسی لە توانای راهێنەرایەتی ئەو کردووە و رایگەیاندووە، رۆسێنیۆر شایستەی ئەوەیە دەرفەتی راهێنەرایەتیکردنی لە بەرزترین ئاستدا پێ بدرێت. ئەم جۆرە پشتگیرییانە ئەو بڕوایەیان بەهێزتر کردووە کە ئەو ئامادەیە بۆ وەرگرتنی پۆستێک لە پرێمەرلیگ.
هۆکارێکی دیکەش کە لە بەرژەوەندیی رۆسێنیۆردایە، ئامادەیی ئەوە بۆ کارکردن لە چوارچێوەی پێکهاتەی یانەکەدا. بەپێی راپۆرتەکان، خاوەنەکانی چێڵسی بەدوای راهێنەرێکدا دەگەڕێن کە لەگەڵ ستراتیژی گواستنەوەی یاریزانان و پلانی درێژخایەنیاندا بگونجێت، نەک داوای کۆنترۆڵی تەواوەتی بکات. وادەبینرێت کە رۆسێنیۆر کەسێکە ئاسوودەیە بە کارکردن لەناو ئەو ستایلەدا.
هەرچەندە هێشتا هیچ شتێکی فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە یاریزانانی چێڵسی لە بارودۆخەکە ئاگادارن. بەهۆی پشتگیرییە نێوخۆییەکان، پەیوەندییەکانی خاوەندارێتی هاوبەش، ئەو ناسنامە تەکتیکییەی کە لەگەڵ دیدگای چێڵسی دەگونجێت، لیام رۆسێنیۆر رۆژ بە رۆژ زیاتر وەک ئەو کەسە دەبینرێت کە ئەگەری زۆرە ئەرکی راهێنەرایەتی لە ستامفۆرد بریج بگرێتە ئەستۆ.
سەرچاوەکان ئەوەشیان پشتڕاستکردەوە کە رۆسێنیۆر ئەمڕۆ لە لەندەن بووە، ئەمەش زیاتر بووە هۆی گەرمکردنی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکەن گفتوگۆکان لەگەڵ چێڵسی بەرەو پێشچوونیان بەخۆوە بینیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ