هەڵبژاردەی لاوانی عێراق چاوی لە دووەم بردنەوەیە

04-03-2023
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن هەڵبژاردەی لاوانی عێراق
A+ A-
رووداو هەولێر 

هەڵبژاردەی لاوانی عێراق، بەهیوای بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی دیکەیە لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا لە ئۆزباکستان، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە کاژێر 17:00 بە کاتی کوردستان لەنێو یاریگەی میلی شاری تاشقەند یاری لەگەڵ لاوانی وڵاتی میواندار دەکات. 
 
لاوانی عێراق بە سەرکردایەتی عیماد محەممەدی راهێنەر بەر لە دەستپێکردنی یارییەکانی جامی نەتەوەکانی ئاسیا ئامادەکارییەکی زۆری  کردبوو، لە یەکەم یارییاندا تیپەکە ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و بەئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر لە هەڵبژاردەی ئەندەنوسیای بردەوە. 
 
عێراق دوێنێ هەینی دوایین یەکەی راهێنانی خۆی لەسەر یاریگەی دووەمی یانەی بۆنیودکور ئەنجامدا، عەدنان درجال سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بۆ پاڵپشتی تیپەکەی لە راهێنانەکان ئامادەبوو و دواتریش کۆبوونەوەی بە هەڵبژاردەکە کرد. 
 
عیماد محەممەد، راهێنەری هەڵبژاردەی لاوانی عێراق، لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "ئێمە بەپلانێکی جیاواز لە یاری یەکەممان یاریدەکەین و خوێندنەوەمان بۆ تیپی ئۆزباکستان کردووە، داوام لە هەموو یاریزانەکانم کردووە لە ئاست بەرپرسیارێتیدا بن و تەنیا بیر لە سەرکەوتن بکەنەوە". 
 
لەم یارییەدا هەڵبژاردەی لاوانی عێراق بێبەشە لە تواناکانی یاریزان شەربل شەمعونی بەهۆی ئەوەی لە یاری یەکەمدا کارتی سووری بە روویدا بەرزکرایەوە، ئەم یاریزانە ناتوانێت لە دوو یارییدا یاوەری تیپەکەی بکات. 
 
لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق دوو یاریزانی کورد یاریدەکەن، کە بریتین لە مستەفا قابیل و عەبدولقادر ئەیوب.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە