رووداو دیجیتاڵ
لە هەنگاوێکدا کە بەبوێرانەترینی مێژووی وەرزش لە ئەمریکا دادەنرێت، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، بڕیاریداوە پێداچوونەوە و داڕشتنەوەی تەواو بە وەرزشی زانکۆ لە وڵاتەکەی بکات.
وەرزشی زانکۆ لە ئەمریکا، بەشێکی گەورەی کولتووری ئەمریکییە، لەبەر بایەخ پێدان و گەورەیی پڕۆسەکە، دەستەی نیشتمانیی زانکۆکان کە بە CNAA ناسراوە، سەرپەرشتی دەکات. لە وەرزشی زانکۆییدا لە ئەمریکا، ساڵانە زیاتر لە 500 هەزار وەرزشوان لە یارییە جیاوازەکان بەشداریی دەکەن. وەرزشی زانکۆیی لە ئەمریکا، بایەخێکی یەکجار زۆری پێدەدرێت و دڵخوازترین لەسەر ئاستی گشتیی و رکابەریی تووند و بەهێز بەخۆوە دەبینێت، داهاتی گەورەی هەیە، بەتایبەت لە تۆپی پێی ئەمریکی و باسکەدا.
دەستەی نیشتمانیی زانکۆکان کە بە CNAA ناسراوە، سەرپەرشتی وەرزش لەسەرجەم زانکۆکانی ئەمریکا دەکات، بەشداریکردنی تیپی زانکۆکان لە پاڵەوانێتی زانکۆکانی ئەمریکا، بەسەر سێ ئاستی جیاوازدا دابەشدەکات.
لە رێگەی فەندی وەرزشییەوە کە ساڵانە 4 ملیار دۆلارە، زانکۆکانی ئەمریکا بەشداری لە گەشەپێدانی وەرزشەکەدا دەکەن. جیا لەوەش، یاریزانانی وەرزشە جیاوازەکان، رێگەیان دەدرێت درەوشانەوە و ناوبانگی خۆیان لە پاڵەوانێتیی زانکۆکاندا بقۆزنەوە و داهاتی زەبەلاحیان دەستدەکەوێت.
دەستەی نیشتمانیی زانکۆکان، سەرپەرشتی 1281 تیپی جیاواز لەسەر ئاستی کچان و کوڕان دەکات و زانکۆکانی ئەمریکا و کەنەدا دەگرێتەوە و ساڵی 1906 دامەزراوە.
دۆناڵد ترەمپ، لە رۆژانی داهاتوودا بڕیارێک واژۆ دەکات، کە بنەمای کارگێڕیی و شێوازی رێکخستنی وەرزشی زانکۆیی لە ئەمریکا کە دەیان ساڵە بەهەمان سیستم کاردەکات، دادەڕێژێتەوە و ئەوەش بە دەستتێوەردانێکی فیدراڵیی پێشتر نەبینراو، لەکاری دەستەی نیشتمانیی زانکۆکانی ئەمریکا دادەنرێت.
ئەو جووڵە نوێیەی کە چاودێران بەهەوڵدان بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی حکومەت بەسەر سیستمی زەبەلاحی وەرزشی زانکۆیی لە وڵاتەکە ناویدەبەن و بەهای ملیاران دۆلاری هەیە، ترسی ئەوەی دروستکردووە کە وەرزشی زانکۆیی بەسیاسی بکرێت و ببێتە گۆڕەپانێک بۆ ململانێی نێوان دەسەڵاتدارانی فیدراڵیی و دامەزراوە فێرکارییەکانی وڵاتەکە.
فەرمانەکەی ترەمپ، جەختدەکاتەوە لە رێکخستنەوەی سیستمی 'ناو، وێنە و ناوبانگ' کە رێگە بە وەرزشوانانی زانکۆکانی ئەمریکا دەدات، بەهۆی ناوبانگیانەوە، داهاتی گەورە قازانج بکەن.
ئەگەرچی ئەم سیاسەتە، سەربەخۆیی دارایی داوەتە یاریزانان، ترەمپ پێیوایە نەبوونی بنەمای هاوبەش بۆ هەمووان لەو بابەتەدا، وایکردووە بێسەروبەریی لە گرێبەست و دەستەوارەکانی وەرزشواناندا هەبێت، بەڵێنیداوە بنەما فیدراڵییە تووندەکان بەسەر ئەو سیستمەدا بسەپێنێت بەشێوەیەک کە وەکئەو دەڵێ، "شپرزەیی دارایی" نەمێنێت.
ئەوانەی لە دژی بڕیارەکەی ترەمپ دەوەستنەوە، پێیانوایە ئەوە دەستتێوەردانی راستەوخۆی حکومەتە، لە کاروباری زانکۆکان و دەرگا بەڕووی کۆنترۆڵکردنی بڕیارە وەرزشی و ئەکادیمیاکانی وڵاتەکەدا دەکاتەوە، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا بڕیاردان تێیاندا، سەربەخۆیە.
پێشنیازەکەی سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی دیکە سیاسەتی یەکجار گواستنەوە زیندوو دەکاتەوە، کە رێگە بەیاریزان دەدات یەکجار ئازادانە لە زانکۆیەکەوە بچێتە زانکۆیئەکی دیکە و ئەگەر کردی بەدووجار، بۆ ماوەی ساڵێک لە یارییکردن بێبەش دەکرێت.
لایەنگرانی بڕیارەکە، پێیانوایە ئەو بڕیارە 'بێسەروبەرەیی لە ململانێ' سنووردار دەکات، لە کاتێکدا دژەکانی پێیانوایە، پاشەکشەیە لە ئازادیی یاریزانان و گەڕانەوەیە بۆ سیاسەتە کۆتوبەندکەرەکان کە کاتیان بەسەرچووە.
بڕیارەکە رەنگدانەوەی لەسەر لایەنی دارایی و رێکخستنی پاڵەوانێتییەکانی زانکۆکانی ئەمریکا دەبێت. ترەمپ پێشنیازی کردووە پێدانی فەندی فیدراڵی بەزانکۆکان، ببەسترێتەوە بەپابەندبوونی دامەزراوەی زانکۆکان بە سیاسەتە نوێیەکانی دەستەی نیشتمانیی زانکۆکانی ئەمریکا.
ئەوە وەک میدیای ئەمریکا دەڵێن، مانای ئەوەیە هەر زانکۆیەک دەقی بڕیارە نوێیەکەی ترەمپ جێبەجێ نەکات، فەندی فیدراڵیی کەمدەکرێتەوە و بەوەش بەشە وەرزشییەکانی زانکۆکە دەکەونە بەردەم هەڕەشەی پارەلەدەستچوون.
میدیای ئەمریکا کە هەندێکیان لە دژی بڕیارەکە رادەوستنەوە، دەڵێن، بەم بڕیارە، ترەمپ نەک هەر سنووری نێوان حکوومەت و وەرزشی زانکۆ دادەڕێژێتەوە، بەڵکو سەرلەنوێ پێناسەی ئەو پەیوەندییە دەکات کە لە وڵاتەکە هەیە و بەوەش بۆ هەتا هەتایە، شێوەی رکابەریی لە وەرزشی زانکۆیی لە ئەمریکا، دەگۆڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ