کێشەیەکی دیکە بۆ بارسێلۆنا.. کامپ نو بەهەڵە دیزاین کراوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

هاندەرانی بارسێلۆنا دوای گەڕانەوەیان بۆ یاریگای کامپ نو، تووشی گرفتێکی چاوەڕواننەکراو بوون و بەشێکی زۆریان بەهۆی نزمی شوێنەکانیان ناتوانن بەتەواوی ساتی تۆمارکردنی گۆڵەکان ببینن.
 
نۆژەنکردنەوەی یاریگای سپۆتیفای کامپ نو هەرچەندە دڵخۆشی بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا گەڕاندەوە، بەڵام ئێستا بەشێک لە هاندەران نیگەرانن. بەپێی میدیاکانی ئەو وڵاتە، ئەو هاندەرانەی لە پشت گۆڵەکان و لە نهۆمی یەکەمی دادەنیشن، گرفتی بینینی یاریگایان هەیە. ئەم کێشەیە بەتایبەت لە یارییەکەی بەرامبەر نیوکاسڵ یونایتد دەرکەوت، کاتێک هاندەران نەیاندەتوانی ئەو تۆپانە ببینن کە بە نزمی ئاراستەی گۆڵ دەکران.
 
گرفتی سەرەکی لە دیزاینی نهۆمی یەکەمی یاریگاکەدایە. نزمبوونی ئاستی کورسییەکان و هەروەها ئەو تابلۆ ریکلامانەی لە تەنیشت چیمەنەکە دانراون، دەبنە بەربەست لەبەردەم بینینی هێڵی گۆڵ. تاوەکو ریزی 13ـی کورسییەکان، هاندەران ناتوانن نزیکەی مەترێک لە رووبەری یاریگاکە لە نزیک گۆڵەکە ببینن. ئەمەش بووەتە مایەی بێزاری بۆ ئەو کەسانەی پارەیەکی زۆر بۆ بلیتەکانی چامپیۆنزلیگ دەدەن و ناتوانن گرنگترین بەشی یاریگاکە ببینن.
 
لەکاتی داڕشتنی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە، لە سەرەتادا پێشنیاز کرابوو کە پلەی لێژیی نهۆمی یەکەم بگۆڕدرێت بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە چارەسەر بێت، بەڵام دوای ئەوەی گۆڕانکاری لە پڕۆژەکەدا کرا، ئاستی نزمی کورسییەکان وەکخۆی مایەوە. ئێستا یانەی بارسێلۆنا لەبەردەم ئاڵنگارییەکی گەورەدایە، چونکە هاندەران چاوەڕێی ئەوە بوون لە یاریگایەکی مۆدێرن و بێ کێشەدا سەیری یارییەکان بکەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە