ململانێی باڵۆندۆری 2026 گەرم دەبێت؛ هاری کەین و ئێمباپێ لە پێشەنگدان

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن هاری کەین کیلیان ئێمباپێ
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

میدیا وەرزشییە جیهانییەکان لیستی ناوی بەربژێرە بەهێزەکانیان بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆندۆری 2026 بڵاوکردەوە، هاری کەین و کیلیان ئێمباپێ لە سەرووی لیستەکەدا دەبینرێن و لامین یامالیش وەک هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەرجەم ئەستێرەکان دەرکەوتووە.
 
ململانێی بەدەستهێنانی خەڵاتی باڵۆندۆر تەنیا لە نێوان یاریگاکانی ئەورووپا نییە، بەڵکو مۆندیالی 2026 کە بڕیارە لە مانگی 6 دەستپێبکات، رۆڵی سەرەکی دەبێت لە دیاریکردنی باشترین یاریزانی جیهان. تاوەکو 19ـی مانگی 7ـی 2026 کە رۆژی یاریی کۆتایی مۆندیالە، هەموو چاوەکان لەسەر ئەو ئەستێرانە دەبن بۆ ئەوەی بزانرێت کێ خەڵاتەکە لە مانگی 10 دەباتەوە.
 
هاری کەین، هێرشبەری یانەی بایرن میونشن و هەڵبژاردەی ئینگلتەرا، ئێستا بە تۆمارکردنی 48 گۆڵ لەم وەرزەدا لە پلەی یەکەمی بەربژێرەکاندایە. کەین ئاستێکی بێوێنە پێشکێش دەکات و تەنیا پێنج گۆڵی ماوە بۆ ئەوەی باشترین وەرزی گۆڵکاری لە مێژووی خۆیدا تۆمار بکات. 
 
لە دوای ئەو، کیلیان ئێمباپێ دێت. ئەستێرە فەرەنسییەکەی ریال مەدرید بە تۆمارکردنی 38 گۆڵ لەگەڵ یانەکەی و درەوشانەوە لە چامپیۆنزلیگ، چاوی لەوەیە بەبردنەوەی نازناوی مۆندیال، باڵۆندۆر بۆ خۆی مسۆگەر بکات.
 
لامین یامال، گەوهەرە تەمەن 18 ساڵانەکەی بارسێلۆنا، پلەی سێیەمی لیستەکەی گرتووە. یامال لەم وەرزەدا کاریگەرییەکی سەرسوڕهێنەری لەسەر ئەنجامەکانی بارسێلۆنا هەبووە. بەپێی ئامارەکان، رێژەی بردنەوەکانی بارسێلۆنا لە کاتی بەشداریکردنی یامال 83٪ـە، بەڵام لە کاتی نەبوونی ئەو بۆ 53٪ دادەبەزێت. ئەگەر یامال بتوانێت لەگەڵ ئیسپانیا هاوشێوەی یۆرۆی رابردوو بدرەوشێتەوە، دوور نییە ببێتە گەنجترین یاریزان لە مێژوودا ئەو خەڵاتە بباتەوە.
 
لە لیستەکەدا ناوی دێکلان رایس لە ئارسیناڵ و ڤیتینیا لە پاریس سانجێرمان و مایکل ئۆلیسێ لە بایرن میونشن دەبینرێن. رایس وەک بڕبڕەی پشتی ئارسیناڵ و ئینگلتەرا دەناسرێت، ڤیتینیاش لە فەرەنسا پاشای ناوەڕاستی یاریگایە. هەروەها پێدری لە بارسێلۆنا و عوسمان دێمبێلێ لە پاریس سانجێرمان لە ناو رکابەرییەکەدان، هەرچەندە پێکانە یەک لە دوای یەکەکانی دێمبێلێ کەمێک پێگەی ئەو یاریزانەی لاواز کردووە.
 
ئێرلینگ هالاند و ڤینیسیۆس جۆنیۆریش لە پلەکانی کۆتایی لیستەکەدان. هالاند هەرچەندە گۆڵکارێکی نایابە، بەڵام ماوەیەکە ئاستی دابەزیوە و یانەی مانچێستەر سیتیش لە چامپیۆنزلیگ کراوەتە دەرەوە. لە بەرامبەردا ڤینیسیۆس جۆنیۆر هیوای بە مۆندیال و کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری نوێی بەرازیل هەیە تاوەکو جارێکی دیکە بگەڕێتەوە ناو بازنەی سەرەکی باربژێرەکان بۆ باڵۆندۆر.
 
مێژووی خەڵاتی باڵۆندۆر نیشانی داوە یاریزانانی هێڵی ناوەڕاستیش دەتوانن خەڵاتەکە ببەنەوە، وەک ئەوەی رۆدری لەگەڵ مانچێستەر سیتی و ئیسپانیا ئەنجامیدا، بۆیە پێدری و دێکلان رایس ئومێدێکی زۆریان هەیە ئەگەر نازناوی چامپیۆنزلیگ یان مۆندیال بەدەستبهێنن، ناویان بچێتە مێژووەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە