مانگانە خولێکی تۆپی پێ لە کەمپی گەویلان بەڕێوەدەچێت

04-06-2025
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن خولی گەویلان
A+ A-
رووداو هەولێر 

یاریی تۆپی پێ خولیای سەرەکی وەرزشڤانان و لاوانی کەمپی گەویلانە و ئەوان مانگانە پاڵەوانێتیی دەکەنەوە و فێرگەی منداڵانیان بۆ پێگەیاندنی یاریزانی ئاستبەرز کردووەتەوە.
 
لەنێو ئەم کەمپەدا زیاتر لە 30 تیپ لەسەر ئاستەکانی یاریزانە بە تەمەنەکان و لاوان لەگەڵ منداڵان هەن، بەسپۆنسەری دەزگای خێرخوازی بارزانی نوێترین وەشانی پاڵەوانێتییان بەبەشداری 10 تیپ بەڕێوەبرد کە وەک رێزێک بوو لە مەعسووم ئەبوسەلم، کە دانیشتووی ئەو کەمپە بوو لە هەمانکاتدا کارمەندی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە شاری قامشلۆ بوو، مەعسووم لە کاتی ئەرکەکەی لە رۆژئاڤای کوردستان بەهۆی نەخۆشی کۆچی دواییکرد. 
 
دوایین یاریی پاڵەوانێتییەکەی ئەم مانگەی کەمپی گەویلان لەنێوان تیپی عالەم ریازە و تیپی شەباب بوو، تیپی عالەم ریازە یارییەکە و نازناوەکەی بەئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ بردەوە. 
 
کەمپی گەویلان یەکێکە لەو کەمپانەی کە پەنابەرانی رۆژئاڤای کوردستان لێی نیشتەجێن، لەنێو ئەو کەمپەدا هەریەک لە رەزوان یونس، یاریزانی پێشووی یانەی جەزیرەی سووری و عەبدولغەنی حوسێن، یاریزانی پێشووی یانەی جیهاد وەک دوو وەرزشڤانی دیار کار بۆ خزمەتکردنی لاوان و وەرزشڤان دەکەن. 
 
رەزوان یونس، رێکخەری پاڵەوانێتییەکانی کەمپی گەویلان لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو گوتی "وەرزش و تۆپی پێ خۆشەویستییەکی زۆری هەیە لەنێو دانیشتوانی کەمپەکەمان، سوپاسی دەزگای خێرخوازی بارزانی دەکەین کە ئەو خولەیان بۆ کردینەوە کە رکابەرییەکی زۆری تێدا بیندرا، لایەنێکی دیکەی خۆش ئەوەبوو هەموو وەرزشڤانان و هاوڕێکانمان لەو خولەدا کۆبووینەوە". 
 
فێرگەیەکی تۆپی پێی منداڵان لەنێو کەمپەکەدا کراوەتەوە و یاریزان رۆژانە فێری ئەلف و بێ و تەکنیکەکانی یارییەکە دەکرێن، ئەوان بەخەون و ئومێدی گەورە بۆ داهاتوو منداڵەکانیان پەروەردە دەکەن.
 
ئەو وەرزشڤانەی کەمپی گەویلان زیاتر روونیکردەوە "تۆپی پێ خۆشەویستی و رێز لەنێو نەوەی داهاتوومان بڵاودەکاتەوە، دەمانەوێت منداڵەکانمان جوان پەروەردە بکەین و بەخۆشەویستی و گیانی لێبوردەیی رابێن و دووربن لە کاری خراپ، جیا لەوەش دەمانەوێت یاریزانی باش لە فێرگەکانمان پێ بگەیێنین". 
 
ساڵانە لیژنەی وەرزشیی رۆژئاڤای کوردستان لە شاری هەولێر خولی تۆپی پێ دەکاتەوە، تیپەکانی کەمپی گەویلان بەردەوام بەشدارن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە