رووداو دیجیتاڵ
ئەمشەو قۆناخی پێشکۆتایی رکابەرییەکانی نەیشنسلیگ دەستپێدەکەن، هەڵبژاردەی ئەڵمانیای میوانداری ئەم قۆناخە و کۆتایی پاڵەوانێتییەکە بەرامبەر هەڵبژاردەی پۆرتوگال یاری دەکات و ئەستێرەیەکی کورد رووبەڕووی کریستیانۆ رۆناڵدۆ دەبێتەوە.
ئەڵمانیا چەند رۆژێکە دوای کۆتاییهاتنی خولە گەورەکانی ئەورووپا خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەدەکات و تیپەکەی یولیان نایگێلسمان بۆ رووبەڕووبوونەوە گەورەکە ئامادەیە و دێنیز ئونداڤ، هێرشبەری کوردی یانەی شتوتگارت بۆ یارییەکە ئامادەیە.
یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردە کاژێر 22:00 لە یاریگەی ئالیانز ئارێنا بەڕێوەدەچێت، لەکاتێکدا سەرەتای ئەم هەفتەیە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی تێدا کرا و پاریس سانجێرمان بووەوە پاڵەوان، ئەمشەو جارێکی دیکە یاریگەی بایرن میونشن چاوی دونیا بۆ خۆی رادەکێشێت.
ئەڵمانیا جاری یەکەمە دەگاتە قۆناخی پێشکۆتایی نەیشنسلیگ دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی هەنگاوێکی دیکە لە بردنەوەی یەکەم نازناوی پاڵەوانێتییەکە نزیک ببێتەوە.
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی ئەڵمانیادا، دێنیز ئونداڤ، ئەستێرەی کوردی یانەی شتوتگارت هاوشانی فلۆریان ڤیرتز و ئەستێرەکانی دیکەی هەڵبژاردەکە، سەرکردایەتیی هێڵی پێشەوەی مانشافت دەکات.
هەڵبژاردەی پۆرتوگال، بەسەرکردایەتیی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکەی ئەمشەو تەواو کرد و تیپەکە بۆ یارییە گەورەکەی بەرامبەر ئەڵمانیا ئامادەیە.
پۆرتوگال چەند رۆژێکە چووەتە ئەڵمانیا و میونشن و خۆی بۆ ئەم یارییە ئامادەدەکات، سەرجەم یاریزانە بانگهێشتکراوەکانی ئامادەن و بەشێوەیەکی ئاسایی بەشدارییان لە دوایین مەشقەکانی هەڵبژاردەکەدا کرد، بەتایبەت دوای ئەوەی ڤیتینیا، جواو مێندێش و جواو نێڤێز، پاڵەوانانی چامپیۆنزلیگیش پەیوەندییان بە هەڵبژاردەکەوە کرد.
پۆرتوگال لە 2019 یەکەم پاڵەوانێتیی نەیشنسلیگی بەناوی خۆیەوە کرد و نازناوەکەی بردەوە، دەیەوێت جارێکی دیکە لە بردنەوەی دووەم نازناو نزیک ببێتەوە.
پۆرتوگال 19 یاریی بەرامبەر ئەڵمانیا ئەنجامداوە، تەنیا 3 یاریی لەو هەڵبژاردەیە بردووەتەوە، 11 جار دۆڕاوە و 5 جار یەکسانبوون، لە دوایین پێنج یاریی نێوانیان ئەڵمانیا هەموو یارییەکانی بردووەتەوە و لەو پێنج یارییەدا 15 گۆڵی بەرامبەر پۆرتوگال تۆمارکردووە، کەواتە مێژووی رووبەڕووبوونەوەکانیان لە بەرژەوەندی مانشافتە، بەڵام کریستیانۆ و هاوڕێکانیان دەیانەوێت ئەو مێژووە لەبیر پۆرتوگالییەکان ببەنەوە و بگەنە یاریی کۆتایی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ