رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی پۆرتوگال بە سەرکردایەتیی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئامادەکارییەکانی بۆ قۆناخی پێشکۆتایی نەیشنسلیگ دەستپێکرد.
پۆرتوگال لە لیسبۆن دەستی بە مەشق و ئامادەکارییەکانی کرد، بەرلەوەی بچێتە ئەڵمانیا بۆ ئەنجامدانی یاریی قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، کە رۆژی چوارشەممە یارییەکە لە یاریگەی ئالیانز ئارێنا بەڕێوەدەچێت.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ، سەرەڕای ئەوەی تەمەنی گەیشتووەتە 40 ساڵ، بەڵام لە یارییکردن بۆ هەڵبژاردەی پۆرتوگال بەردەوامە و دەیەوێت سەرکردایەتیی تیپەکەی بکات بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی نەیشنسلیگ و رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی دووەم نازناوی پاڵەوانێتییەکە، دوای ئەوەی لە 2019 بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا، نازناوەکەی بەدەستهێنا.
رۆناڵدۆ لەم وەرزەدا لە خولی سعودیدا 25 گۆڵی تۆمارکرد و بووە گۆڵکاری خولی سعودی، هەروەها نازناوی باشترین یاریزانی وەرزی ئەمساڵی خولەکەی بەدەستهێنا.
رۆناڵدۆ دەیەوێت هاوکاریی هەڵبژاردەکەی بکات بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگاتەوە یاریی کۆتایی نەیشنسلیگ.
رۆبێرتۆ مارتینێز، راهێنەری هەڵبژاردەکە بۆ یاریی قۆناخی پێشکۆتایی پاڵەوانێتییەکە، پشتی بە یاریزانانی بە ئەزموونی وەکو رۆناڵدۆ و چەند یاریزانێکی لاو بەستووە، بۆ ئەوەی هاوسەنگی لە تیپەکەدا دروستبکات و جارێکی دیکە بگەنەوە یاریی کۆتایی.
هەریەکە لە نونۆ مێندێز، ڤیتینیا، جواو نێڤێس و گۆنچالۆ رامۆس، بەهۆی ئەوەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان سەرقاڵی ئاهەنگەکانی بردنەوەی چامپیۆنزلیگن، پەیوەندییان بە هەڵبژاردەکەوە نەکردووە و چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ پەیوەندی بە تیپەکەوە بکەن.
پۆرتوگال و ئەڵمانیا رۆژی چوارشەممە یەکەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی نەیشنسلیگ ئەنجامدەدەن و رۆژی پێنجشەممە فەرەنسا و ئیسپانیا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
براوەی هەردوو یاریی قۆناخی پێشکۆتایی، بۆ یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە سەردەکەون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ