رووداو - هەولێر
سوپرایز و چاوەڕواننەکراو، ئەو هەڵبژاردەیەی وەک سێیەمی کۆمەڵەکەی قۆناخی کۆمەڵەکانی بڕی، گەیشتە یاری کۆتایی کۆپا ئەمریکا، ئەوە هەڵبژاردەی پێرویە.
دوای 21 خولەک یارییکردن، ئەدیسۆن فلۆرێس بەلێدانێکی بەهێز تۆڕی چیلی هەژاند و گۆڵێکی بۆ هەڵبژاردەی پێرو تۆمارکرد، هەڵبژاردەکەی بەرەو سوپرایزێکی گەورە برد، بووە دووەم یاریزانیش لەژێر سەرپەرشتی ریکاردۆ کاریگای ئەرجەنتینی 13 گۆڵ بۆ هەڵبژاردەکە بکات، لە دوای پاوڵۆ گێرێرۆ.
لە خولەکی 38 هاتنە دەرەوەیەک لە گابریێل ئاریاس بووە هۆکاری ئەوەی یوشیمار یۆتون بەلێدانێکی بەهێز گۆڵی دووەم بۆ لابلانکیرۆژا تۆماربکات و هەڵبژاردەکەی زیاتر لە بردنەوەی یارییەکە نزیکبکاتەوە.
دوای ئەم دوو گۆڵە، چیلی پاڵەوانی دوو وەشانی رابردووی پاڵەوانێتییەکە هەوڵەکانی چڕکردووە، بۆ ئەوەی ئەنجامەکە یەکسانبکاتەوە، خۆسێ فۆنزالیدا و ئیدواردۆ ڤارگاس دوو مەترسیان لەسەر گۆڵی پێرو دروستکرد، بەڵام لە هەژاندنی تۆڕدا شکستیانهێا، پاشانیش هەلێکی زێڕین بۆ یوشیمار یۆتون رێککەوت بۆ ئەوەی یارییەکە بەتەواوی یەکلاییبکاتەوە، بەڵام تۆپەکەی هاوێشتە دەرەوە.
ئیدواردۆ ڤارگاس بەتەنیا لەگەڵ گۆڵ مایەوە، بەڵام پێدرۆ گالیسی گۆڵپارێز و ئەستێرەی یارییەکە لەبەردەمی وەستایەوە.
لە خولەکی 91 پاوڵۆ گێرێرۆ کۆتایی بە هەموو شتەکان هێنا و دوای بڕینی گۆڵپارێز، گۆڵی سێیەمی بۆ پێروییەکان تۆمارکرد و 17ـەیەم گۆڵی لەگەڵ کاریگا بۆ هەڵبژاردەکە تۆمارکرد.
لەدوایین ساتەکاندا لەپێناو بوون بە گۆڵکار ڤارگاس ویستی لێدانێکی سزا بە بانینگا جێبەجێبکات، بەڵام گۆڵپارێز زیرەکانە گەڕاندییەوە.
پێرو دوای 44 ساڵ جارێکی دیکە گەیشتە یاری کۆتایی و لە یاری کۆتاییشدا بەرامبەر بەرازیل یارییدەکات، کە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا بە 0-5 بەرامبەر دۆڕابوو، بەڵام ئەمە یاری کۆتاییە و پێدەچێت جیاواز بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ