ریال مەدرید لە شکستخواردووترین گرێبەستی رزگاری بوو

04-08-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فلۆرێنتینۆ پێرێز رینیێر خیسۆس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی خۆی لە یەکێک لە شکستخواردووترین گرێبەستەکانی  رزگارکرد، دوای ئەزموونێکی کورت کە تێیدا یاریزانەکە تەنانەت یەک خولەکیش بەشداری نەکرد.
 
ریال مەدرید خۆی بۆ رکابەرییەکانی وەرزێکی قورسی تۆپی پێ ئامادە دەکات بەسەرپەرشتی راهێنەرە نوێیەکەی، چابی ئەلۆنسۆ، کە یانەکەی گەیاندە قۆناخی پێشکۆتایی جامی جیهانیی یانەکان 2025 کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەچوو.
 
گەشتی هێرشبەرە گەنجە بەرازیلییەکە، رینیێر خیسۆسی تەمەن 26 ساڵ، لەگەڵ ریال مەدرید کۆتاییهات دوای ئەوەی پەیوەندی کرد بە یانەی ئاتلێتیکۆ مینێرۆی بەرازیلییەوە، بەبێ ئەوەی یەک خولەکیش لەگەڵ تیپی یەکەم یاری بکات.
 
ریال مەدرید لە کانوونی دووەمی 2020 گرێبەستی لەگەڵ یاریزانە بەرازیلییەکەدا واژۆ کرد کاتێک تەمەنی 18 ساڵ بوو، کە لە یانەی فلامینگۆوە هاتبوو، بەرامبەر بەبڕە پارەیەک کە لەنێوان 30 بۆ 40 ملیۆن یۆرۆدا بوو.
 
بڕیاربوو هەمان رێچکەی هاونیشتمانییەکانی، ڤینیسیۆس جۆنیۆر و رۆدریگۆ بگرێتەبەر و لە تیپی دووەم (کاستیا) دەستپێبکات و پاشان بچێتە تیپی یەکەم، بەڵام کاروانی وەرزشیی یاریزانەکە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو شکستی هێنا.
 
ریال مەدرید پێیباشبوو خیسۆس بەشێوەی خواستن بداتە چەند یانەیەک بۆ ئەوەی کاتی یارییکردنی پێبدرێت و لەگەڵ تۆپی پێی ئەورووپا رابێت و دواتر بیگەڕێنێتەوە بۆ تیپی یەکەم. ئەو بۆ ماوەی دوو وەرز لەگەڵ بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی یارییکرد و لەو ماوەیەدا بەشداری لە 39 یارییدا کرد و یەک گۆڵی تۆمارکرد.
 
ئەستێرە گەنجەکە وەرزی 2022-2023 لەگەڵ جیرۆنای ئیسپانی یارییکرد و بەشداری لە 18 یارییدا کرد و دوو گۆڵی تۆمارکرد. پاشان لە وەرزی 2023-2024 رووی کردە فرۆسینۆنی ئیتاڵی و بەشداری لە 23 یارییدا کرد و 3 گۆڵی تۆمارکرد.
 
لە وەرزی رابردوودا، خیسۆس بەشێوەی خواستن لەگەڵ گرانادای ئیسپانی یارییکرد، کە تێیدا بەشداری لە 24 یارییدا کرد و تەنیا یەک گۆڵی تۆمارکرد.
 
گرێبەستەکەی خیسۆس رینیێر لەگەڵ ریال مەدرید لەساڵی 2026 کۆتایی دێت، بەڵام کارگێڕیی یانەکە بەدوای رێگایەکدا دەگەڕا بۆ رزگاربوون لە یەکێک لە شکستخواردووترین گرێبەستەکانی، و چارەسەرەکەیان لە گەڕاندنەوەی بۆ بەرازیل و پەیوەندیکردنی بە یانەی ئاتلێتیکۆ مینێرۆ دۆزییەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە