وان سپۆر و ئامەدسپۆر دەیانەوێت بردنەوە تۆمار بکەن

04-10-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن وان سپۆر ئامەدسپۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی وان سپۆر دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات، کاتێک لە یارییەکی لووتکەی کوردستانیدا بەرامبەر یانەی ئەرزرووم سپۆر یاری دەکات.
 
یارییەکە ئێوارەی ئەمڕۆ کاژێر 16:00 لە یاریگەی ئەرزرووم بەڕێوەدەچێت و هەردوو یانە دەیانەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدەن و زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی خولەکە نزیکببنەوە.
 
یانەی وان سپۆر لە یاریی رابردوودا دێربیی کوردستانی لە ئامەدسپۆر بردووەتەوە، ئێستا یانەکە بە 3 بردنەوە، 3 یەکسانبوون و دوو دۆڕان لە پلەی نۆیەمی خولەکە خاوەنی 12 خاڵە.
 
ئەرزرووم هیچ یارییەکی لەم وەرزەدا نەدۆڕاندووە، 3 بردنەوە و 5 یەکسانبوونی هەیە و یانەکە ئێستا لە پلەی هەشتەمە بە 14 خاڵ و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی زیاتر بچێتە پێشەوە، بەتایبەت کە لە دوایین دوو یارییدا یانەکە یەکسانبووە.
 
یانەی ئامەدسپۆر دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانی بەرامبەر یانەی وان سپۆر بکاتەوە، کاتێک لە رکابەرییەکانی گەڕێکی نوێی خولی پلە یەکی تورکیا بەرامبەر یانەی کەچیۆرینگوکو یاری دەکات.
 
یارییەکە لە رکابەرییەکانی گەڕی نۆیەمی خولەکەدا کاژێر 19:00 لە یاریگەی ئامەدسپۆر بەڕێوەدەچێت، هاندەرانی یانەکە چاویان لە گەڕانەوەی تیپەکەیان، دوای ئەوەی لە گەڕی رابردوودا لە دێربیی باکووری کوردستاندا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بە یانەی وان سپۆر دۆڕان.
 
ئامەدسپۆر دوای دوورخستنەوەی مەهمەت ئاڵتیپارماک، لە راهێنەرایەتیکردنی یانەکە هێشتا راهێنەری نوێی دەستنیشان نەکردووە و ئەمڕۆ یاریدەدەرەکانی سەرپەرشتی تیپەکە دەکەن.
 
ئامەدسپۆر بەر لە یارییەکە 4 بردنەوە، یەکسانبوونێک و سێ دۆڕانی هەیە و بە 13 خاڵ لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولەکەیە.
 
یانەی کەچیۆرینگوکو لە 8 گەڕی رابردوودا دوو بردنەوە، چوار یەکسانبوون و دوو دۆڕانی هەیە و لە پلەی چواردەیەمە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە