ریال مەدرید دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانی دێربی بکاتەوە و ئەرکی قورسە

04-10-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید ڤیاریال لالیگا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید دوای ئەوەی لە دێربیی مەدریددا پێنج گۆڵی لێکرا و لە چامپیۆنزلیگدا پێنج گۆڵی لە کایرات کرد، دەیەوێت لە لالیگادا بگەڕێتەوە سەر بردنەوەکان و سەرکەوتنێکی دیکە بەدەستبهێنێت.

لە رکابەرییەکانی گەڕی هەشتەمی لالیگادا، کاژێر 22:00 یانەی ریال مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەرامبەر یانەی ڤیاریال یاری دەکات و دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانە گەورەکەی گەڕی رابردوو بکاتەوە، کاتێک بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید پێنج گۆڵی لێکرا و بەهۆیەوە یانەکە پێشەنگی خولەکەی لە بەرژەوەندی بارسێلۆنا لەدەستدا.

ریال مەدرید لە گەشتێکی دوور و درێژ گەڕاوەتەوە، بەڵام رۆژی هەینی دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە بەبێ کێشە ئەنجامدا و تیپەکە ئامادەیە.

هەریە لە دانی کارڤاخاڵ، ئەلیکساندەر ئارنۆڵد و ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن و فێرلان مێندی و ئێدێر مێلیتاو گومانیان لەسەرە.

ئەم یارییە یەکێک لە بەهێزترین یارییەکانی خولەکە دەبێت تاوەکو ئێستا، بەوپێیەی هەردوو یانە یارییەکیان دۆڕاندووە، ریال مەدرید بە 18 خاڵ لە پلەی دووەمە و ڤیاریال بە 16 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندی خولەکەیە.

لە دوایین چوار یاریی نێوان هەردوو یانەدا کە رۆژی شەممە ئەنجامدرابێت، ڤیاریال دووجار لە ریال مەدریدی بردووەتەوە و ئەمشەویش دەیەوێت پلەی دووەمی ریزبەند لە خولەکە وەربگرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە