ریال مەدرید و دۆرتموند بۆ مێژوو رووبەڕووی یەکدەبنەوە

05-07-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن دۆرتموند ریال مەدرید مۆندیالی یانەکان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە دوایین یاریی قۆناخی هەشتی مۆندیالی یانەکاندا، هەردوو یانەی ریال مەدرید و بۆرووسیا دۆرتموند رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
یارییەکە ئەمشەو کاژێر 23:00 لەسەر یاریگەی مێت لایف لە نیو جێرسی بەڕێوەدەچێت، 82 هەزار و 500 هاندەر دەتوانن لە یاریگەکەدا سەیری یارییەکە دەکەن و چاوەڕواندەکرێت یاریگەکە پڕببێت، بۆ بینینی یارییەکی دیکەی یانەی شاهانە.
 
ریال مەدرید رۆژی هەینی دوایین مەشق و راهێنانەکانی بۆ ئەم یارییە لە فلۆریدا ئەنجامدا، پاشان بەرەو نیو جێرسی بەڕێکەوت، تیپەکەی چابی ئەلۆنسۆ بۆ یارییەکە ئامادەیە و چاوەڕواندەکرێت ئەمشەو بۆ یەکەمجار کیلیان ئێمباپێ بەشێوەی سەرەکی بەشداری لە یارییەکەدا بکات.
 
یانەی بۆرووسیا دۆرتموند، هاوشێوەی یانەی شاهانە دوایین مەشقەکانی لە ناوچەیەکی دیکەی فلۆریدا ئەنجامدا و ئەوانیش بۆ یارییەکە ئامادەن.
 
لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێ بوو رووبەڕووبوونەوەی دوو برا ببینێنێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی جۆب بێلینگهام، یاریزانی دۆرتموند لە یاریی رابردوودا کارتی زەردی وەرگرت، ناتوانێت لە یاریی بەرامبەر ریال مەدرید رووبەڕووی جود بێلینگهامی برای ببێتەوە.
 
بۆرووسیا دۆرتموند و ریال مەدرید 16 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، ریال مەدرید 8 یاریی بردووەتەوە، تەنیا 3 یاریی دۆڕاندووە و 5 یارییان بە یەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
 
لە وەرزی رابردووی چامپیۆنزلیگدا هەردوو یانە رووبەڕووی یەکبوونەوە و ریال مەدرید بە پێنج گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ سەرکەوتنی بەرامبەر یانە ئەڵمانییەکە بەدەستهێناوە.
 
براوەی یاریی نێوان هەردوو یانە لە قۆناخی پێشکۆتاییدا بەرامبەر براوەی یاریی پاریس سانجێرمان و بایرن میونشن یاری دەکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە