رووداو دیجیتاڵ
لەنێو ئەو کەشوهەوا ئەرێنییەی کە یانەی بارسێلۆنا پێیدا تێپەڕ دەبێت لەگەڵ دەستپێکردنی ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی نوێ، نیشانەکانی قەیرانێکی بێدەنگ دەرکەوتوون کە لەوانەیە کاریگەری لەسەر بەشداریکردنی یەکێک لە دیارترین گرێبەستە هاوینەییەکانی یانەکە هەبێت.
سەرەڕای ئەوەی مارکوس راشفۆرد بەشداری لە ئامادەکارییەکاندا کردووە و دڵخۆشیی خۆی بە پەیوەندیکردن بە بلاوگراناوە دەربڕیوە، بەڵام وردەکارییەکانی پەیوەست بە تۆمارکردنی ناوەکەی لە لیستی فەرمیدا هێشتا بەهەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کۆتوبەندە تووندانەدایە کە یاساکانی یاریی دارایی خاوێن بەسەر کارگێڕیی خوان لاپۆرتادا دەیسەپێنن.
تاوەکو ئێستا سێ لە دیارترین ناوە نوێیەکان لە لیستی تیپی یەکەمدا تۆمارنەکراون، کە بریتین لە: گۆڵپارێز گارسیا، راشفۆرد و بەهرەمەندە سوێدییەکە روونی بەرداخچی. ئەمەش دەرگای لەسەر گومان و پێشبینییەکان کردووەتەوە سەبارەت بە داهاتووی نزیکیان لەگەڵ یانەکە و ئەگەری بەشداریکردن یان نەکردنیان لەگەڵ دەستپێکی لالیگادا.
سەبارەت بە گۆڵپارێز گارسیا، لەوانەیە دۆخەکە بەئاسانی چارەسەر بکرێت ئەگەر پێکانەکەی تێرشتیگن بۆ ماوەیەکی درێژ پشتڕاست بووەوە، چونکە دەکرێت لەڕووی کارگێڕییەوە جێگەی پڕبکرێتەوە. لەکاتێکدا پێشبینی دەکرێت بەرداخچی بەبێ هیچ کێشەیەک لە تیپی دووەم تۆمار بکرێت.
بەڵام ئاڵۆزترین دۆخ تایبەتە بە مارکوس راشفۆرد، کەبەشێوەی خواستن لە مانچێستەر یونایتدەوە پەیوەندی بە بارساوە کردووە. تۆمارکردنی پێویستی بەوەیە بارسێلۆنا بۆشایی دارایی لە چوارچێوەی یاسای یاریی دارایی خاوێندا پڕبکاتەوە، کە ئەمەش ئەرکێکە کارگێڕیی یانەکە ئێستا بەپەلە کاری لەسەر دەکات پێش دەستپێکی وەرز.
سەرەڕای ئەم ناڕوونییە، راشفۆرد بەوپەڕی ئارامی و متمانەوە لە لێدوانێکیدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن دەرکەوت و جەختی کردەوە "ئەمە بابەتێکە پێویستە یانەکە چارەسەری بکات، من دڵنیام کە ئەوان بەشێوەیەکی دروست ئەنجامی دەدەن. ئێستا بیرم تەنیا لەسەر راهێنانەکان و خۆئامادەکردنە بۆ رکابەری".
راشفۆرد، کە درێسی ژمارە 14ـی هەڵبژاردووە، ئامانجە گەورەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا دەربڕی و رایگەیاند کە خەونی بردنەوەی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپایە لەم وەرزەدا.
ئەو هەروەها گوتی "بارسا وەرزی رابردوو بەهێز بوو، ئێمە هەوڵ دەدەین بەبردنەوەی گەورەترین پاڵەوانێتی لە ئەورووپا، ئاستمان باشتر بکەین. ئێمە کوالیتی پێویستمان هەیە".
هەروەها باسی لە شوێنی یاریکردنی کرد و نەرمی نواندنی خۆی لە یاریکردن لە زیاتر لە پۆستێکی هێرشبەریدا روونکردەوە، جا چ وەک باڵ بێت یان هێرشبەری سەرەڕم. جەختیشی کردەوە "دروستکردنی دەرفەت و تۆمارکردنی گۆڵ لە شوێنی جیاوازەوە کلیلی سەرکەوتنە لە تیپێکی هێرشبەری وەک بارسێلۆنادا".
لەنێوان بەڵێنەکانی کارگێڕی، متمانەی یاریزانەکە و ئاستی بەرزی چاوەڕوانییەکانی هاندەران، رۆژە کەمەکانی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبن لە دیاریکردنی داهاتووی راشفۆرد لەگەڵ بارسێلۆنا؛ ئایا لە یەکەم گەڕی یارییەکانەوە ئامادە دەبێت، یان دەرکەوتنە گەورەکەی بەهۆی کۆتوبەندە داراییەکانەوە دوادەخرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ