راشفۆرد دڵی هانزی فلیک و بەرپرسانی بارسێلۆنای بردووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن مارکوس راشفۆرد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

مارکوس راشفۆرد بە ئاستە بەرزەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا، هەمووانی سەرسام کردووە و بەرپرسانی یانە کەتەلۆنییەکە بیر لەوە دەکەنەوە گرێبەستی ئەو یاریزانە بکەنە هەمیشەیی، چونکە هانزی فلیک متمانەیەکی زۆری پێیەتی و وەک یاریزانێکی کاریگەر لە پلانەکانیدا دەیبینێت.
 
مارکوس راشفۆرد لە یاری رابردووی بارسێلۆنا بەرامبەر ریال سۆسیداد، جارێکی دیکە گۆڵی تۆمارکرد، هەرچەندە تیپەکەی بە ئەنجامی 1-2 تووشی شکست بوو، بەڵام ئاستی راشفۆرد جێگەی رەزامەندیی راهێنەر و هاندەرانی یانەکە بوو. ئەو یاریزانە تەمەن 28 ساڵە، لە هاوینی رابردووەوە بەشێوەی خواستن لە مانچێستەر یونایتدەوە رووی لە بارسێلۆنا کردووە و ئێستا گۆڵکاری یانەکەیە لە چامپیۆنزلیگ بە تۆمارکردنی 4 گۆڵ.
 
راشفۆرد لەم وەرزەدا لە کۆی 29 یاری لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا، بەشداری لە 19 گۆڵدا کردووە، بە جۆرێک 8 گۆڵی تۆمارکردووە و 11 ئاسیستی هەبووە، ئەمەش لە کاتێکدایە تەنیا لە 18 یاری بە سەرەکی یاریی کردووە. هانزی فلیک راهێنەری بارسێلۆنا زۆر سەرسامە بە لایەنی پیشەگەریی ئەو یاریزانە، بە تایبەت دوای ئەوەی لە یاریی بەرامبەر ئاینتراخت فرانکفۆرت لە 9ـی مانگی 12ـی رابردوو، کاتێک راشفۆرد یەدەگ بوو، بە راهێنەرەکەی گوتبوو "سەرۆک، پێویست ناکات هۆکاری بڕیارەکەت بۆ من روون بکەیتەوە، گرنگترین شت تیپەکەیە و دەبێت سێ خاڵەکە ببەینەوە".
 
بەپێی میدیا وەرزشییەکان، بارسێلۆنا بژاردەی کڕینەوەی گرێبەستی راشفۆردی بە بڕی 30 ملیۆن یۆرۆ هەیە، بەڵام کێشە داراییەکانی یانەکە رەنگە ببێتە بەربەست. پێدەچێت بارسێلۆنا هەوڵ بدات ماوەی خواستنەکەی بۆ وەرزێکی دیکە درێژ بکاتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لە مانگی 8ـی داهاتوو دەبێتە 38 ساڵ و پێشبینی دەکرێت لە هاوینی 2026 گرێبەستەکەی تەواو ببێت و یانەکە جێبهێڵێت، بۆیە هێشتنەوەی راشفۆرد بۆ فلیک دەبێتە کارێکی لەپێشینە.
 
راشفۆرد لە کەتەلۆنیا هەست بە ئارامی دەکات و لە ناوچەی کاستێلدێفێڵس نیشتەجێیە، کە پێشتر ماڵی مێسی لێبووە. ئەو دەستی بە فێربوونی زمان و کولتووری ئیسپانی کردووە و لەگەڵ روونی بەرداخچی هاوڕێی نزیکی یەکترین. داتا و ئامارەکان دەریدەخەن راشفۆرد لە رووی دروستکردنی هەلی گۆڵکردن زۆر گەشەی کردووە و لەم وەرزەی لالیگادا 6 ئاسیستی هەبووە، کە ئەوەش لە چوار وەرزی رابردووی لە پرێمەرلیگ زیاترە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە