رووداو دیجیتاڵ
کچێکی کورد لە نەرویج دەبێتە راهێنەری یانەیەک و بڕوانامەی UEFA B بەدەستدەهێنێت. ئەو بە رووداوی گوت "شانازی بەوە دەکەم کە وەک کچێکی کورد، کچانی ئەورووپا فێری تۆپی پێ دەکەم".
لەنیا قەیس بلباس، کە کچی وەرزشوانێکی دێرینی کوردە و خەڵکی هەولێرە، ئێستا لە نەرویج بووەتە جێگەی باس و خواسی نێو وەرزشی خانمان، بەهۆی ئەوەی راهێنەرێکی بەتوانایە و لەتەمەنی 17 ساڵیدا بڕوانامەی یوفا بی تایبەت بە راهێنەرایەتی بەدەستهێناوە.
لەنیا گرێبەستێکی نوێی لەگەڵ یانەی کلێمسرودی نەوریجی واژۆکردووە، وەک راهێنەری یەکەم سەرپەرشتی تیپی خانمانی تەمەن 15 ساڵانی ئەو یانەیە دەکات.
ئەوەی لەوەش گرنگترە، لەنیا دەبێتە جێگری بەرپرسی یەکێتیی تۆپی پێی ئۆسلۆ لە بەشی گەنج و لاوان.
لەنیا قەیس لە لێدوانێکی تایبەتدا، بە رووداوی راگەیاند "بۆ من جێگەی شانازییەکی گەورەیە کە وەک کچێکی کورد راهێنەرایەتی لە ئەورووپا بکەم و خانمانی نەرویج و ئەورووپا فێری تۆپی پێ بکەم".
ئەو زیاتر گوتی "من هەمیشە سوپاسگوزاری باوکم و خێزانەکەمم، کە بەبەردەوامی پشتیوانیم دەکەن، لەوان نەبووایە نەدەگەیشتمە ئەم رۆژە".
هەروەها گوتی "ئێستاش خەونەکانم لەسەر بنەمای یارمەتی و پشتیوانی ئەوان بنیادناوە، و دڵنیام بە یارمەتی ئەوان دەتوانم زیاتر بەرەو پێشەوە بچم و هەموو خەونەکانم بێنمە دی".
باوکی لەنیا وەرزشوانە و لە گرنگی وەرزش تێدەگات، ئەمەش بەسوودی لەنیا کۆتاییهاتووە، چونکە باوکەکەی هەموو شتێک دەکات لەپێناو رەخساندنی ئاسانکاری لەبەردەم کچەکەیدا بۆ ئەوەی رۆژ بە رۆژ کارەکەی خۆشتر بوێت و هەنگاوێکی نوێ بەرەو پێشەوە بچێت.
قەیس بلباسی باوکی لەنیا، بە رووداوی گوت "من زۆر شانازی بە کچەکەمەوە دەکەم و دڵنیام کە ئەو کچە راهێنەرە بەتوانایە کوردە جێگای شانازی هەموو کوردێکە".
باوکی لەنیا هەروەها گوتی "لەنیا ئێستا بەشداری خولێکە کە تەواوبوو دەبێتە سەرپەرشتیاری هەموو ئەوانەی کە دەیانەوێت ببنە راهێنەر لە دواڕۆژدا".
بلباس زیاتر لەبارەی کچە راهێنەرکەیەوە، گوتی "لەنیا خانی کچم لە رێگای یەکێتیی تۆپی پێی ئۆسلۆ دەستنیشان دەکرێت بۆ ئەوەی سەردانی یانەکان بکات بەمەبەستی کۆبوونەوە و سەرپەرشتیکردنی راهێنەرانی بۆ ئەوەی بزانێت کارەکانیان تاوەکو چەندە زانستیە و سوود دەگەیێنن بە منداڵ و گەنج و لاوان، ئینجا راپۆرتێک بۆ یەکێتیی تۆپی پێی نەرویج دەنووسێت و هەموو وردەکارییەکان لەسەر هەموو شتێکی ئەو یانەیە رووندەکاتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ