رووداو دیجیتاڵ
بڕیارێکی لەناکاوی ئاندرێ لونینی گۆڵپارێزی ریال مەدرید، هەموو پلانەکانی بازاڕی گواستنەوەی ریال مەدرید دەشێوێنێت!.
لەکاتێکدا پێشبینی دەکرا ئەم هاوینە گۆڕانکاری لە پێگەی گۆڵپارێزی یانەی ریال مەدریددا رووبدات، پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراو دەرکەوت کە لەوانەیە نەخشەی وەرزی نوێ لە سانتیاگۆ بێرنابیۆدا سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە.
لەکاتێکدا پێشبینییەکان ئاماژەیان بەئەگەری رۆیشتنی لونین دەکرد، دەرکەوت کە ئەو بۆچوونی خۆی گۆڕیوە و بە لێدوانێک مشتومڕەکەی یەکلاکردەوە، کە ئەمەش دیمەنی تۆپی پێی ئیسپانیای تووشی شڵەژان کرد.
ئەم هەڵسوکەوتە تەنیا وەڵامێکی میدیایی ئاسایی نەبوو، بەڵکو پەیامێکی روونی بۆ کارگێڕیی یانە، راهێنەر و تەنانەت ئەو تیپانەی کە خوازیاری گواستنەوەی بوون، لەخۆگرتبوو.
لە لێدوانێکدا کە تۆڕی El Chiringuitoـی ئیسپانی گواستوویەتییەوە، گۆڵپارێزی ئۆکراینی، جەختی لەسەر بڕیاری مانەوەی لە ریزەکانی ریال مەدرید کردەوە، سەرەڕای ئەوەی دەزانێت کە بەگەڕانەوەی گۆڵپارێزی بەلجیکی، تیبۆ کۆرتوا بۆ ئامادەیی تەواو، مسۆگەرکردنی شوێنێک لە پێکهاتەی سەرەکی کارێکی قورس دەبێت.
لونین، کە لەماوەی دوورکەوتنەوەی کۆرتوا بەهۆی پێکانەوە ئەستێرەی درەوشایەوە، شایستەیی خۆی لە یارییە گەورەکاندا سەلماند و بەهۆی ئاستی جێگیر و کاردانەوە نایابەکانی لەژێر گوشاردا، بووە جێی سەرسامیی هاندەرانی شاهانە و سەرەڕای گەڕانەوەی گۆڵپارێزی سەرەکی، یاریزانە ئۆکرانییەکە هیچ ئارەزوویەکی بۆ جێهێشتنی یانەکە نیشان نەدا، بەڵکو پەیامێکی روونی نارد کە بۆ دەرفەتی یاریکردنی خۆی دەجەنگێت.
بڕیارەکەی لونین لەکاتێکدایە کە ژمارەیەک یانەی ئەورووپی گرنگی بە گواستنەوەی دەدەن، بەتایبەتی ئەو یانانەی کە بەدوای گۆڵپارێزێکی گەنج و بەهرەمەندی خاوەن ئەزموونی ئاست بەرزدا دەگەڕێن. هەرچەندە ئەو دەستەوارانە لەوانەیە هەر یاریزانێک فریو بدەن کە بەدوای کاتی زیاتری یاریکردندا دەگەڕێت، بەڵام سووربوونی لونین لەسەر مانەوە لە ریال مەدرید، دەربڕی متمانەیەکی دوولایەنەیە لەنێوان خۆی و کارگێڕیی یانەکەدا.
هەروەها ئەم هەڵبژاردنەیەی ئارەزووی راستەقینەی ئەو بۆ بەردەوامبوون لە گەشەکردن لە ژینگەیەکی پڕ لە رکابەریی بەرزدا نیشان دەدات، تەنانەت ئەگەر ئەمە ببێتە هۆی چاوەڕوانیکردن یان یاریکردن لە بارودۆخێکی نادڵنیادا.
مانەوەی لونین تەنیا بە واتای بەردەوامیی رکابەری لەناو یانەکەدا نایەت، بەڵکو دەتوانێت وەک کارتێکی گوشاری هونەری و کارگێڕی بێت بۆ هەر بارودۆخێکی چاوەڕواننەکراو، بەتایبەتی کە ئەلۆنسۆ دەیەوێت رکابەرییەکی بەهێز لە پێگەی گۆڵپارێزیدا بپارێزێت، وەک ئامادەکارییەک بۆ وەرزی درێژ و ژمارەی زۆری پاڵەوانێتییەکان.
بڕیارەکەی لونین لەوانەیە لەڕووی تاکەکەسییەوە ئاسوودەترین بژاردە نەبێت، بەڵام بێگومان بە یەکێک لە زیرەکانەترین جوڵەکانی کاروانی وەرزشیی خۆی دادەنرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ