رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی بە راپۆرتێک لەسەر یاریزانە دەرکراوەکانی ریال مەدرید گڕی لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینە بەردا، کە تێیدا لیستی ناوی ئەو یاریزانانە ئاشکرا دەکات کە لە ریال مەدرید بڕیاری دەرکردنیان بۆ دەرچووە و بە 'لیستی رەش' ناوی بردووە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو لیستە رەشەی ریال مەدرید ناوی 5 یاریزانی تێدایە کە چیدی جێگەیان لە داهاتووی یانەکەدا نابێتەوە و کارگێڕیی شاهانە هەوڵ دەدات دەستبەجێ لێیان رزگاری ببێت.
لیستەکە ناوی چاوەڕوانکراو و چاوەڕواننەکراویشی لەخۆی گرتووە، کە بریتین لە هەریەک لە دانی سیبایۆس، فێرلاند مێندی، دەیڤد ئالابا، ئێندریک و هاونیشتمانییەکەی رۆدریگۆ گۆس.
ئەم هەنگاوە لەبەر چەند هۆکارێکی جیاوازە، کەواتە هۆکارەکانی تووڕەیی لەم پێنج یاریزانە چییە؟ ئەوەیە کە لەم راپۆرتەدا باسی دەکەین:-
دانی سیبایۆس: ئارەزوویەکی ئاشکرا بۆ رۆیشتن
چی دیکە نهێنی نییە کە دانی سیبایۆس دەیەوێت لاپەڕەی خۆی لەگەڵ ریال مەدرید هەڵبداتەوە. ئەو یاریزانەی کە متمانەی تەواوی راهێنەرە یەک لەدوای یەکەکانى بەدەست نەهێناوە، بەدوای رۆڵێکی سەرەکیدا دەگەڕێت کە گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا مسۆگەر بکات لەگەڵ هاتنی جامی جیهانی لە هاوینی داهاتوودا.
لەگەڵ کۆبوونەوەی ئەستێرەکان لە هێڵی ناوەندی مێرینگی، هەلەکانی نزیکە لە سفر بێت. یاریزانەکە بەئاشکرا ئارەزووی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ یانەی دایک، ریال بێتیس، دەربڕیوە، بەڵام داواکارییە داراییەکانی ریال مەدرید هێشتا رێگرن.
مانەوەی بۆ وەرزێکی دیکە لەسەر کورسی یەدەگ سوودی بۆ هیچ لایەنێک نابێت و رۆیشتنی تاکە چارەسەری لۆژیکییە.
فێرلاند مێندی: نەفرەتی پێکانەکان و پاشەکشە لە ریزبەندیدا
سەرەڕای ئەوەی یەکێکە لە باشترین بەرگریکارەکانی باڵ لە جیهاندا کاتێک لەوپەڕی ئامادەیی جەستەییدایە، بەڵام نەفرەتی پێکانە دووبارەبووەکان کاروانی وەرزشیی فێرلاند مێندییان گۆڕیوە بۆ مۆتەکە.
ئامادەنەبوونە درێژخایەنەکانی وایکردووە یانەکە متمانەی بەتوانای پشتپێبەستنی بەردەوامی لەدەستبدات و لەگەڵ گرێبەستکردن لەگەڵ بەرگریکارێکی وەک ئەلڤارۆ کارێریاس و بوونی فران گارسیا وەک بژاردەیەکی جێگرەوە، مێندی پاشەکشەی کردووە و بووەتە بژاردەی سێیەم لەم شوێنەدا.
بوونی یاریزانێک بە مووچەیەکی بەرز و مێژوویەکی پڕ لە پێکان وەک بژاردەی سێیەم، جۆرێکە لە سەرکێسی کە یانەکە نایەوێت بیکات؛ ئەمەش وادەکات فرۆشتنی ببێتە پێویستییەکی مسۆگەر.
دەیڤد ئالابا: قوربانیی تەمەن و پێکانە سەختەکە
دەیڤد ئالابا وەک گرێبەستێکی بێبەرامبەری درەوشاوە گەیشتە مەدرید، بەڵام درەوشانەوەی بەخێرایی بەهۆی پێکانەکانەوە کزبوو، کە دواترینیان پچڕانی بەستەری ئەژنۆ بوو کە بۆ ماوەیەکی درێژ لە یاریگاکان دووریخستەوە.
بەهۆی تەمەنی زۆر و دابەزینی ئاستی جەستەیی، یاریزانە نەمساییەکە بووەتە بژاردەی چوارەم یان تەنانەت پێنجەم لە ریزبەندیی دڵی بەرگریدا لەدوای میلیتاو، رودیگێر و ناوە لاوە سەرکەوتووەکان.
مووچە بەرزەکەی بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ رۆڵە پەراوێزییەکەی ئێستایدا ناگونجێت و رزگاربوون لێی بارگرانییەکی گەورە لەسەر شانی یانەکە لەڕووی داراییەوە سووک دەکات.
ئێندریک: بەهرەیەکی بەفیڕۆچوو
لەوانەیە هێنانی ناوی ئێندریک سەیر بێت، چونکە ئەم گەوهەرە بەرازیلییە چەند مانگێک لەمەوبەر پەیوەندی کرد، بەڵام کێشەکە لە چەند هۆکارێکدایە، دیارترینیان دەرکەوتنی لەناکاوی ئەستێرەی تیپی کاستیا، گۆنزالۆ گارسیا بوو کە لە قۆناخی ئامادەکاری و جامی جیهانیی یانەکاندا سەرنجەکانی بەلای خۆیدا راکێشا؛ ئەمەش هەڕەشەیە لەسەر ئەو خولەکانەی کە پێشبینی دەکرا ئێندریک لە وەرزی نوێدا بەدەستیبهێنێت.
سەرەڕای ئەوەش، ئێندریک تاوەکو ئێستا شتێکی پێشکێش نەکردووە کە شایستەیی خۆی بۆ شوێنێکی سەرەکی بسەلمێنێت، هەروەها تۆمارکردنی وەک یاریزانێکی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا کورسییەکی بەنرخ داگیر دەکات کە یانەکە بۆ پاڵپشتیی دیکەی ئەگەری پێویستی پێیەتی. بەخواستن ناردنی بۆ ماوەی یەک وەرز لەوانەیە چارەسەرێکی نموونەیی بێت بۆ پێدانی هەلی یاریکردن و گەشەکردن.
رۆدریگۆ: باری وەرزی رابردوو و هەلێکی زێڕین
دوای ئەوەی کوڕی ساتە یەکلاکەرەوەکان بوو، ئاستی رۆدریگۆ لە وەرزی رابردوودا لە زۆر لە یارییەکاندا بووە بار بەسەر یانەکەوە، چونکە جێگیری لە ئاست و کاریگەریی هێرشبەریی لەدەستدابوو.
لەگەڵ بوونی کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جۆنیۆر، رۆڵەکەی گرنگییەکی کەمتری ماوە.
رۆیشتنی رۆدریگۆ نەک تەنیا یاریزانێکی بێ کاریگەریی هونەری لادەبات، بەڵکو بڕە پارەیەکی زۆر دابین دەکات کە بە زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ مەزەندە دەکرێت، کە ئەم بڕە پارەیە بەسە بۆ دابینکردنی تێچووی گرێبەستە ستراتیژییەکان کە یانەکە لە شوێنەکانی دیکەدا زۆر پێویستی پێیەتی. فرۆشتنی ئێستا دەرفەتێکی ئابووری و وەرزشییە کە نابێت لەدەست بدرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ