رووداو دیجیتاڵ
بارسێلۆنا بۆ یارییەکەی بەرامبەر ڤالێنسیا مۆڵەتێکی تایبەتی لە لالیگا وەرگرت و دەتوانێت ئەو یارییەی لەسەر یاریگای یۆهان کرۆیف ئەنجام بدات.
یانەی بارسێلۆنا رەزامەندیی لالیگای بەدەستهێنا بۆ پەسەندکردنی یاریگای یۆهان کرۆیف وەک بژاردەیەکی جێگرەوە بۆ میوانداریکردنی یارییەکەی بەرامبەر ڤالێنسیا کە بڕیارە لە 14ـی ئەم مانگە لە چوارچێوەی هەفتەی چوارەمی لالیگا بەڕێوەبچێت.
بەگوێرەی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، خولەکە بەسەرۆکایەتی خاڤیێر تێباس، بەفەرمی رەزامەندیی بۆ بەڕێوەچوونی یارییەکە لەو یاریگایەدا دا، سەرەڕای ئەوەی توانای لەخۆگرتنی یاریگاکە لە 6 هەزار هاندەر تێناپەڕێت، کە ئەمەش پێشێلکردنی یاسایەکی تایبەتە کە مەرجی بوونی لانیکەم 8 هەزار هاندەر دادەنێت بۆ میوانداریکردنی یارییەکانی پلە یەک، بەڵام بڕیارەکە وەک ریسپەڕێک بۆ دۆخێکی ناچاری دراوە.
یانە کەتەلۆنییەکە مەرجی بۆ دانراوە کە چەند گۆڕانکارییەکی هونەری لە یاریگاکەدا بکات، لەوانەش دانانی کامێرای تایبەت بە تەکنیکی "ڤار".
پشکنەرانی لالیگا لە 27ـی مانگی رابردوودا سەردانی یاریگەی 'یۆهان کرۆیف'یان کردبوو، بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا بگەڕێنەوە ئەگەر بەشێوەیەکی کۆتایی وەک یاریگەی یارییەکە پشتڕاست بکرێتەوە.
ئەم مۆڵەتە ئاسانکارییەکە بۆ بارسێلۆنا، کە رووبەڕووی قەیرانێکی راستەقینە بووەتەوە، دوای ئەوەی دەرکەوت یاریگای ئۆڵۆمپی لویس کۆمپانیێس لەو ماوەیەدا بەردەست نابێت بەهۆی کۆنسێرتی گۆرانیبێژی ئەمریکی 'پۆست مالۆن' لە 12ـی ئەم مانگە، کە کاریگەری لەسەر کوالێتی زەویی یاریگاکە دەبێت و رێگر دەبێت لە میوانداریکردنی یارییەکەی ڤالێنسیا لەوێ.
بارسێلۆنا ئەم یارییەی چەند مانگێک لەمەوبەر وەک کاتێکی نموونەیی بۆ گەڕانەوە بۆ 'سپۆتیفای کامپ نو' دانا بوو، بەڵام واقیعی کارگێڕی هێشتا پلانەکان دوادەخات.
کۆمپانیای دێکرا پێشتر پشکنینە پێویستەکانی ئەنجامداوە، بەڵام هێشتا چاوەڕێی پەسەندکردنی شارەوانی بارسێلۆنایە کە مۆڵەتی کردنەوەی قۆناخی یەکەم دەدات. بەبێ ئەم مۆڵەتە، کردنەوەی یاریگاکە بەنادیاری دەمێنێتەوە.
سەرەڕای گەشبینی لەناو یانەکەدا بەئەگەری گەڕانەوە بۆ سپۆتیفای کامپ نو بەرامبەر خیتافی لە 21ـی ئەم مانگە، بەڵام ئەنجامدانی یاریی ڤالێنسیا لەوێ زۆر ئەستەم بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ