چاوەڕواننەکراو.. زیدان لەگەڵ یانەیەک لە گفتوگۆی پێشکەوتوودایە

06-09-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن زینەدین زیدان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی تورکیا هەواڵێکی چاوەڕواننەکراویان لەبارەی زینەدین زیدان، راهێنەری بەنێودەنگی فەرەنسی و پێشووی یانەی ریال مەدرید بڵاوکردەوە و راهێنەرەکە لەگەڵ یانەی فێنارباخچەی تورکی لە گفتوگۆدایە.
 
بەپێی هەواڵی میدیای تورکیا، یانەی فێنارباخچە دوای دوورخستنەوەی جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری پۆرتوگالی لە راهێنەرایەتیکردنی یانەکە، هەوڵەکانی بۆ رازیکردنی زینەدین زیدان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی پۆستی راهێنەرایەتی ئەو یانەیە وەربگرێت.
 
بەپێی زانیارییەکان گفتوگۆی نێوان راهێنەرە فەرەنسییەکە و یانە تورکییەکە هەنگاوی باشیان بڕیووە و رێککەوتنی سەرەتایی کراوە، تەنیا ماوە لەسەر ماوەی گرێبەستەکە و وردەکارییەکانی مووچەی راهێنەرەکە رێککەوتن بکرێت و لە ئەگەری گەیشتنە رێککەوتن، زیزۆ لە رێگەی خولی سوپەر لیگی تورکیاوە دەگەڕێتەوە نێو کاری راهێنەرایەتی.
 
زیدان لە دوای ساڵی 2021ـەوە پۆستی راهێنەرایەتیی هیچ یانەیەکی وەرنەگرتووە، سەرەڕای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا دەنگۆی زۆر لەبارەی ئەو راهێنەرەوە بڵاوکرانەوە.
 
یانەی فێنارباخچە هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئەو گرێبەستە گەورەیە یەکلابکەنەوە و لە وەرزی نوێی خولی تورکیادا، زیدان سەرپەرشتی مەشقدانەوەی یانەکە بکات.
 
هەوڵەکانی یانەی فێنارباخچە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ زینەدین زیدان، دوای ئەوە دێت کە بەهۆی دۆڕانیان بەرامبەر بێنفیکا و سەرنەکەوتنیان بۆ چامپیۆنزلیگ، یانەکە دەستبەرداری جۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری پۆرتوگالی بوو.
 
فێنارباخچە لە وەرزی نوێدا جگە لە خولی سوپەرلیگی تورکیا، بەشداری لە رکابەرییەکانی یۆرۆپالیگدا دەکات، یانەکە گرێبەستی لەگەڵ ئێدێرسۆن مۆرایێش، گۆڵپارێزی بەرازیلی، مارکۆ ئاسێنسیۆی ئیسپانی و کەرەم ئاکتورکئوگلۆی تورکی کردووە و دەیەوێت رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکان بکات.
 
زینەدین زیدان لە دوو ماوەی جیاوازدا راهێنەرایەتیی یانەی ریال مەدریدی کردووە و 11 نازناوی جیاوازی لەگەڵ لۆس بلانکۆس بردووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە