رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی پۆرتوگال یەکەم یاریی خۆی لە یارییەکانی پاڵاوتنەکانی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 ئەنجامدەدات و کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ بەدەستهێنانی یەکەم سەرکەوتن دەیەوێت سەرکردایەتیی هەڵبژاردەکە بکات.
پۆرتوگال دوو رۆژە لە ئەرمینیایە و ئەمشەو کاژێر 19:00 لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالدا لە دەرەوەی یاریگەی خۆی یاری دەکات و یارییەکە لە رکابەرییەکانی کۆمەڵەی شەشەم دەبێت.
ئەمە یەکەم یاریی هەڵبژاردەی پۆرتوگالە لە دوای کۆچی دوایی دیۆگۆ جۆتا، ئەستێرەی هەڵبژاردەکە کە لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ئیسپانیا لەگەڵ براکەی گیانیلەدەستدا.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ یارییەکە ئامادەیە و دەیەوێت لە یەکەم یارییدا هەنگاوەکانیان بۆ گەیشتن بە مۆندیالی داهاتوو بە سەرکەوتن لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان دەستپێبکەن.
دۆن لەکاتی گەیشتنی بۆ ئەرمینیا پێشوازییەکی گەورەی لەلایەن هاندەرانەوە لێکرا، ئەمە یەکەمجارە لە دوای ساڵی 2015 پۆرتوگال دەچێتەوە ئەرمینیا و ئەو کاتە لە پاڵاوتنەکانی یۆرۆدا پۆرتوگال بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ لە ئەرمینیای بردەوە و کریستیانۆ رۆناڵدۆ هاتریکی لە یارییەکەدا تۆمارکرد.
دوای سێ رۆژ لە یارییەکەی ئەمشەویان بەرامبەر ئەرمینیا هەڵبژاردەی پۆرتوگال لە یارییەکی دیکەدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی هەنگاریا دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ