یانەی سەنحاریب لە راماڵینی یانەکان بەردەوامە

6 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن تیپی بالەی یانەی سەنحاریب پاڵەوانێتیی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

یانەی سەنحاریب دووەم بردنەوەی لە پاڵەوانێتیی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا تۆمارکرد و هەنگاوێکی ماوە بەرەو گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی کێبرکێکە.
 
یانەی سەنحاریب پاڵەوانی وەرزی ئەمساڵی خولی بالەی کچانی عێراق، وەک یەکەم یانەی عێراق بەشداری لە پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیا کردووە، نوێنەرەکەی کوردستان و عێراق لە پاڵەوانێتیی خانمانی رۆژئاوای ئاسیا لە قۆناخی کۆمەڵەکان ململانێیی یانەکانی نەسڕی ئوردنی، فەیحای سعودی و قودسی فەڵەستینی دەکات.
 
سەنحاریب لە یاریی یەکەمدا لە فەیحای سعودی بردەوە، ئەمڕۆ شەممە لە دووەم  یارییدا توانی بەئەنجامی سێ گێمی بێبەرامبەر لە یانەی قودسی فەڵەستینی بباتەوە، سبەی یەکشەممە یاری لەگەڵ یانەی نەسری ئوردنی دەکات.
 
هەکار زێباری، راهێنەری یانەی سەنحاریب، بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "دڵخۆشین بە ئاستبەرزی یاریزانانمان و ئێمە دەمانەوێت دەسکەوت و ئەنجاممان لە پاڵەوانێتییەکە هەبێت، دەجەنگین لەپێناو ناو و نێوبانگی یانەکەمان، سوپاس بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە هاندەرمانن و بەردەوام پەیوەندیمان پێوە دەکەن". 
 
یانەی سەنحاریب بەر لە بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیی وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا مانگێک بوو لەنێو ئامادەکارییەکی چڕدابوو. گرێبەستیان لەگەڵ سێ یاریزانی ئێرانی واژۆکردووە و لە یارییەکاندا خاڵێکی بەهێزی تیپەکەن.
 
ئەو یانەیە لە شاری دهۆکە و بایەخێکی زۆر بە وەرزشی خانمان لە یارییەکانی بالە و باسکە دەدات، ساڵی 1992 دامەزراوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە