رووداو دیجیتاڵ
بێرناردۆ سێلڤا، دوای وەرزێکی سەخت لەسەر ئاستی تاکەکەسی کە تێیدا ژمارەیەکی کەم یاری ئەنجامداوە، بڕیاری کۆتایی لەسەر داهاتووی خۆی لەگەڵ یانەکە دا.
بێرناردۆ سێلڤا بڕیاریداوە لە کۆتایی ئەم وەرزە لە سیتی بڕوات و گرێبەستەکەی درێژ نەکاتەوە، کە لە 30ـی مانگی 6ـی ئەمساڵ کۆتایی دێت.
داهاتووی بێرناردۆ سێلڤا تەمەن 31 ساڵ لەگەڵ مانچێستەر سیتی روون بووەتەوە و ئەویش رۆیشتنە لە یانەکە بەکۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی دوای 3 مانگی دیکە، چونکە دوورە ئەو ئەستێرە پۆرتوگالییە گرێبەستەکەی لەگەڵ سیتی نوێ بکاتەوە.
هەرچەندە لەم وەرزە هێشتا یاریزانێکی سەرەکییە لەژێر سەرپەرشتی پێپ گواردیۆلا، بەڵام پێدەچێت ئەمە دوایین مانگەکانی یاریزانە پۆرتوگالییەکە بێت بە درێسی مانچێستەر سیتییەوە، سێلڤا بە یەکجاری بڕیاری خۆی داوە.
ئێستا هیچ گفتوگۆیەک لە نێوان یاریزانەکە و یانەکەدا نییە سەبارەت بە درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی، ئەمەش بەو مانایەیە کە هەردوولا بڕیاری جیابوونەوەیان داوە دوای 9 ساڵی تەواو کە سێلڤا لە یاریگای ئیتیحاد بەسەری برد.
چاوەڕوان دەکرێت یاریزانەکەی پێشووی مۆناکۆ ببێتە یەکێک لە داواکراوترین یاریزانەکان لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا، بەتایبەت لە ژێر رۆشنایی زیادبوونی گرنگیپێدانی یانە سعودییەکان و تورکییەکان و لە سەرووی هەمووشیانەوە یانەی گاڵاتاسەرای.
ئێستا کەسە نزیکەکانی بێرناردۆ سێلڤا تاوتوێی چەند بژاردەیەک دەکەن، لەوانە ئەگەری گەڕانەوەی بۆ یانەی بێنفیکا، لە کاتێکدا دەگوترێت بارسێلۆناش وەک بژاردەی دووەم چاودێری دۆخەکەی دەکات.
سێلڤا لەم وەرزەدا لە 38 یاری لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا لەگەڵ مانچێستەر سیتی بەشدارییکردووە و دوو گۆڵی تۆمارکردووە.
ئەم ئەستێرەیە لە وەرزی 2017-2018 لە مۆناکۆوە پەیوەندی بە سیتی کرد و 6 جار نازناوی پرێمەرلیگ بەدەستهێنا، هەروەها نازناوی چامپیۆنزلیگ ساڵی 2023ـی بردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ