هەولێر و زاخۆ دەیانەوێت بەبردنەوە هاندەرانیان دڵخۆش بکەن

07-05-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن یاریگەی فرانسۆ هەریری
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای پێنج یاریی بەبێ بردنەوە، یانەی زاخۆ دەیەوێت هاندەرانی ئاشت بكاتەوە کاتێک ئەمڕۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا بەرامبەر یانەی کارەبا یاریی دەکات. 

لە رکابەرییەکانی گەڕی سی و یەکی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، یانەی زاخۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆی لە بەغدا بەرامبەر یانەی کارەبا یاریی دەکات. 

زاخۆ لە پێنج یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و لەو پێنج یارییەدا هیچ گۆڵێکیشی تۆمار نەکردووە، ئەمڕۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی کارەبا چاوی لەوەیە سێ خاڵ بەدەست بهێنێت و هاندەرانی ئاشت بکاتەوە. 

بەر لە یارییەکەی ئەمڕۆ، یانەی زاخۆ لە پلەی چوارەمی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراق خاوەنی 53 خاڵە، یانەی کارەبا 41 خاڵی هەیە و لە پلەی یازدەیەمی ریزبەندیی خولەکەیە.

 

بەر لەم یارییە، یانەی هەولێر لەنێو یاریگەی خۆیدا یارییەکی دیکە ئەنجامدەدات و میوانداریی یانەی نەفتی میسان دەکات، بەڵام هاندەران ناتوانن ئامادەبن.

هەولێر دوای ئەوەی لە یاریی رابردوودا سەرکەوتنی بەرامبەر کەربەلا بەدەستهێنا دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و بردنەوەیەکی دیکە لە خولەکەدا تۆماربکات، بۆ ئەوەش تیپەکەی سەمیر بابۆ ئامادەکارییەکی باشی بۆ یارییەکە کردووە.

یاریی هەولێر و نەفتی میسان، بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوەدەچێت، دوای ئەوەی بەهۆی رووداوەکانی یاریی نێوان هەولێر و شورتە، هاندەرانی یانەکە بۆ دوو یاری سزادران و یانەکە بەبێ هاندەر یاری دەکات.

قەڵای زەرد، بەر لە یارییەکە لە پلەی چواردەیەمی ریزبەندی خولەکەیە بە کۆکردنەوەی 38 خاڵ، یانەی نەفتی میسان لە پلەی نۆیەمە بە 43 خاڵ.




کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە