بارسێلۆنا گرێبەستەکەی لامین یامالی نوێکردەوە

27-05-2025
دیاری حەسەن
نیشانەکردن لامین یامال یانەی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا، گرێبەستی ئەستێرە بەهرادەرەکەی یانەکە، لامین یامال، تاوەکو ساڵی 2031 نوێکردەوە.
 
لامین یامال، ئەو ئەستێرەیەی هەموو جیهانی بە بەهرە سەرسووڕهێنەرەکەی سەرسامکردووە، لە چەند رۆژی رابردوودا، بابەتی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، سەردێڕی هەواڵەکان بوو.
 
یامال تەمەنی 17 ساڵە، بەڵام دوای پێشکێشکردنی وەرزێکی نموونەیی، داوای نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی و زیادکردنی مووچەکەی کرد، یانەی بارسێلۆناش گفتوگۆکانیان لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی ئەو یاریزانە لەبارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەستپێکرد.
 
گفتوگۆکان چەند رۆژێکە بەردەوامن و یانە زەبەلاحەکانی ئەورووپا لەسەر هێڵ بوون بۆ ئەوەی لە ئەگەری هەر کێشەیەک لەنێوان یامال و یانەی بارسێلۆنا، هەلەکە بقۆزنەوە و ئەو یاریزانە ببەنە ریزەکانیان.
 
ئەمڕۆ بەشێوەیەکی فەرمی، یانەی بارسێلۆنا رایگەیاند، سەرکەوتوو بوون لە نوێکردنەوەی گرێبەستی لامین یامال و ئەو یاریزانە تاوەکو ساڵی 2031 لە یانە کەتەلۆنییەکە بەردەوام دەبێت.
 
یانەکە تاوەکو ئێستا، وردەکارییەکانی گرێبەستەکەی بڵاونەکردووەتەوە و روون نییە مووچەی ساڵانەی ئەو یاریزانە لەگەڵ بارسێلۆنا چەند دەبێت، بەڵام بەپێی سەرچاوەیەکی ئیسپانی، ئەو یاریزانە ساڵانە 20 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت و لە بەندێکی گرێبەستەکەشدا هاتووە، ئەگەر ئەو یاریزانە باڵۆندۆر بباتەوە، ئەوە لەلایەن یانەکەوە خەڵات دەکرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە