کریستیانۆ رۆناڵدۆ زۆر تووڕەیە

07-08-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ یانەی نەسڕ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

میدیای سعودیە باس لەوە دەکات کە کریستیانۆ رۆناڵدۆ زۆر تووڕەیە لە کارگێریی یانەی نەسڕ و پێیوایە بەڵێنەکانیان لەگەڵیدا نەبردووەتە سەر، کە لەکاتی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیدا بەڵێنیان پێدابوو تیپێکی رکابەری بەهێز دروست بکەن.
 
بەرپرسانی ئەو یانەیە دەیانەوێت لەو ماوە کەمەدا کە بۆ داخستنی دەرگای مێرکاتۆی هاوینە ماوە، 3 هەنگاوی خێرا بۆ رازیکردنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و رزگارکردنی یانەکەیان بهاوێژن.
 
هاندەرانی یانەی نەسڕی سعودی چاوەڕوانی وەرزێکی نوێی پڕ لە ئاڵنگاری دەکەن، بەهیوای بەدەستهێنانەوەی نازناوە لەدەستچووەکان و لە سەرووی هەمووشیانەوە نازناوی خولی رۆشن، کە یانەکە لە وەرزی 2018 - 2019ـەوە بەدەستی نەهێناوە.
 
سەرەڕای ئەم هیوا گەورانەی هاندەرانی نەسڕ، بەڵام ئەو زانیارییانەی لە کەمپی ئامادەکاریی یانە زەردپۆشەکەوە دێن دڵخۆشکەر نین بەهۆی ناڕەزایەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی، کاپتنی یانەکە و دەڵێن "دۆن تووڕەیە لە شێوازی ئامادەکاری بۆ جامی سوپەری سعودی و وەرزی نوێ".
 
عەبدولعەزیز ئەلعوسەیمی، راگەیاندنکاری بەنێوبانگی سعودی، لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس، هاندەرانی نەسڕى ترساندا سەبارەت بە تووڕەیی رۆناڵدۆ، تەنانەت نووسیویەتی "لەوانەیە بابەتەکە لە سنووری ناڕەزایەتی تێپەڕ بکات".
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، بەرپرسانی یانەی نەسڕ دەیانەوێ بە 3 هەنگاوی خێرا رۆناڵدۆ رازی بکەن:-
 
هەنگاوی یەکەم: گرێبەستی گەورە و کاریگەر
 
یەکەم و گرنگترین هەنگاو بێگومان بریتییە لە پێویستیی ئەنجامدانی گرێبەستی بەهێز و گەورە کە لەگەڵ ئامانجەکانی یانەکە و هیواکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆدا بگونجێت، کە گرێبەستەکەی بۆ دوو وەرزی داهاتوو، و تاوەکو هاوینی 2027 نوێکردەوە بەهیوای بەدەستهێنانەوەی نازناوەکان.
 
رۆناڵدۆ لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا لەڕێگەی هەژماری یانەی نەسڕەوە گوتی "لە سعودیە دەبمە پاڵەوان"، ئەمەش رەنگدانەوەی ئەو ئامانجە گەورەیەیە کە کاپتنە پۆرتوگالییە 40 ساڵانەکە پێیەوە پابەندە.
 
رۆناڵدۆ لە ماوەی دوو وەرزی رابردوودا لەگەڵ یانەکەیدا ئەو ئارەزوو و توانایانەی نەبینی کە یارمەتی نەسڕ بدەن بۆ گەڕانەوە بۆ سەر سەکۆی نازناوەکان، و بەکردەیی چاوەڕێی یەکلاییکردنەوەی ئەو گرێبەستانە دەکات کە یارمەتیدەری بن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەی.
 
یانەی نەسڕ تەنیا گرێبەستی لەگەڵ جواو فیلیکسی هێرشبەری پۆرتوگالی، یاریزانی چێڵسی و عەبدولمەلیک ئەلجابریی یاریزانی گەنجی سعودی، لەگەڵ یاریزان نادر ئەلشەراری ئەنجامداوە، ئەمەش رۆناڵدۆی تووشی نائومێدی کردووە، چونکە چاوەڕوانی گرێبەستی گەورەی وەک برۆنۆ فێرناندێزی ئەستێرەی مانچێستەر یونایتدی ئینگلیزی و مەیسن گرینوودی ئەستێرەی مارسیلیای فەرەنسی دەکرد.
 
هەنگاوی دووەم: پلاندانانی باشتر بۆ کەمپەکان
 
هەواڵەکانی کەمپی ئامادەکاریی نەسڕ لە نەمسا ئاماژە بە حاڵەتێکی ناڕەزایی لەلایەن هەندێک یاریزانەوە دەکەن، جگە لەوەی رێککەوتن لەسەر یارییە دۆستانەکان زوو تەواو نەکرا، ئەمەش رۆناڵدۆی تووڕە کرد. تەنانەت لە یارییە دۆستانەکەی بەرامبەر تۆلۆزی فەرەنسیدا تووشی شۆک بوو کاتێک ئاڵای یانەکەی پێنەدرا بۆ ئەوەی بیداتە کاپتنی یانەی رکابەر. هەرچەندە بابەتەکە لەوانەیە شایەنی ئەو هەڵایە نەبێت، بەڵام رەنگدانەوەی کێشەکانە تەنانەت لە وردترین وردەکارییەکانیشدا.
 
رۆناڵدۆ هەروەها تووڕە بوو لە نەبوونی چاودێری لەنێو کەمپی نەمسا، بەشێوەیەک کە هەندێک کەس توانیبوویان خۆیان بگەیەننە بەر دەرگای ژوورەکەی.
 
کاتێک تیپەکە گەشتی بۆ پۆرتوگال کرد، رۆناڵدۆ خۆی دەستوەردانی کرد و سەرکەوتوو بوو لە رێککەوتن لەگەڵ سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی پۆرتوگال بۆ کردنەوەی بارەگاکانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بۆ میوانداریکردنی کەمپی نەسڕ، بەڵام ئەم جۆرە کارانە شایەنی ئەوە نین کاپتنی تیپ دەستوەردانیان تێدا بکات، بەڵکو دەبێت لەلایەن دەستەی کارگێڕیی یانەکەوە دابین بکرێن.
 
هەنگاوی سێیەم: ئامادەکاریی باشتر بۆ جامی سوپەر
 
یانەی نەسڕ چاوەڕێی یارییەکی زۆر گرنگە، کاتێک لە 19ـی ئەم مانگە بەرامبەر یانەی ئیتیحادی پاڵەوانی خولی رۆشن دەبێتەوە لە نیوەی کۆتایی جامی سوپەری سعودی، بۆیە یانەکە دەرفەتێکی لەپێشە بۆ رێکخستنەوەی کارەکانی و ئامادەکارییەکی بەهێزتر بۆ جامەکە.
 
پەرەپێدان و باسترکردنی ئامادەکارییەکان متمانەیەکی زیاتر دەبەخشێتە رۆناڵدۆ و جەماوەر پێش ئەوەی بچنە پاڵەوانێتییەکی چاوەڕوانکراوەوە بەرامبەر ئەو یانەیەی کە وەرزی رابردوو دووانەی نازناوە ناوخۆییەکانی بەدەستهێنا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە