پاسپۆرتەکەی ممفێس دیپای دزرا و لە کەمپی مەشقەکانی هۆڵەندا بێبەشبوو

07-10-2025
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 هەڵبژاردەی هۆڵەندا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ممفێس دیپای هێرشبەری هۆڵەندی یانەی کۆرێنتیانزی بەرازیلی، سەرەتای کەمپە مەشقییەکانی هۆڵەندای لەدەستدا، پاشئەوەی دەرکەوت پاسپۆرتەکەی ونکردووە.
 
وابڕیاربوو شەوی شەممە دیپای گەشت بۆ ئەورووپا بکات، بۆ پەیوەندیکردن بەکەمپی هەڵبژاردەی هۆڵەندا کە بڕیارە دوو یاریی لە پاڵاوتنەکانی ئەورووپا بۆ گەیشتن بەمۆندیالی داهاتوو بەرامبەر ماڵتا و فینلەندا ئەنجام بدات، بەڵام بەهۆی ئەو هەواڵەوە نەیتوانی گەشتەکەی بکات و لە بەرازیل گیری خواردووە.
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی هۆڵەندا لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێ، دیپای هەموو شتێک دەکات، بۆئەوەی پەیوەندی بە هەڵبژاردەی هۆڵەنداوە بکات و بەزووترین کات کێشەکەی چارەسەربکات.
 
رۆناڵد کۆمانی راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا باسی رووداوەکەی کردووە و دەڵێ، ئەمە جێگای داخە، بەتایبەتی بۆ ممفێس دیپای، بۆ منیش وەک راهێنەر، من دەمویست لە سەرەتای کەمپە مەشقەکە هەموو پێکهاتەکە ئامادەبێت و هیچ کێشەیەک نەیەتە ئاراوە.
 
کومان هەروەها دەڵێ، هیوادارم دیپای خێرا کێشەکەی چارەسەر بکات و بگەڕێتەوە تیپەکە، هەندێک بارودۆخ هەیە کە بە سادەیی لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێمەدا نییە، دیپای یاریزانێکی گرنگی هەڵبژاردەکەیە و بە تەواوی پشتی پێدەبەستین، هیوادارین بتوانێت بە زووترین کات پەیوەندی بەکەمپەکەمانەوە بکات.
 
دیپای یاریزانێکی سەرەکییە بۆ هۆڵەندا. دوو گۆڵەکەی بەرامبەر لیتوانیا لە مانگی رابردوودا وای لێکرد رۆبن ڤان پێرسی تێپەڕێنێت و ببێتە گۆڵکاری مێژوویی هەڵبژاردەی هۆڵەندا، بە تۆمارکردنی 52 گۆڵ لە 104 یاریدا.
 
هەڵبژاردەی هۆڵەندا لە کۆمەڵەی حەوتەمی پاڵاوتنەکانی ئەورووپا بۆ گەیشتن بەمۆندیالی داهاتوو یارییدەکات و بەهاوبەشیی لەگەڵ پۆڵەندا دوای بەدەستهێنانی 10 خاڵ، پێشەنگی کۆمەڵەکەیان گرتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە