رووداو دیجیتال
وەک هەمیشە کەین تۆپ دەدات و سۆن گۆڵ دەکات، بەپێچەوانەشەوە، ئەمە لە یاری دێربی لەندەندا دووبارە بووەوە و لە خولەکی 13دا کەین لە ناوەڕاستی یاریگادا پاسێکی دایە سۆن، ئەویش بەرەو گۆڵی ئارسینالی برد و لە دوورەوە لێدانێکی کەوانەیی ئاراستەی گۆڵی بێرند لینۆی گۆڵپارێزی کرد و گۆڵی پێشکەوتنی بۆ سپێرز بەدەستهێنا.
ئەمجارەش هۆیبێرگ بە لێدانێکی بەهێز لە دوورەوە بەختی خۆی تاقیکردەوە، بەڵام ئەمجارە لینۆ لە شوێنێکی گونجاو بوو بۆ گرتنەوەی تۆپەکە.
لە کاتێکدا کە ئارسیناڵ گوشاری خستبووە سەر تۆتێنهام، بەر لەوەی ناوبژیوان فیکەی کۆتایی نیوەی یەکەم لێبدات، لە هێرشێکی هەڵگەڕاوەدا سۆن قەرزی کەین دایەوە و تۆپێکی خستە پێش قاچەکانی، ئەویش دانایانە خستییە نێو تۆڕی گۆڵی ئارسیناڵ.

لە نیوەی دووەمدا تۆپهاوێژەکانی لەندەن دەستیان بە هێرشکردنە سەر گۆڵی سپێرز کرد و لاکازێت بە لێدانێکی سەر هەوڵیدا گۆڵی یەکەمی یانەکەی تۆماربکات، بەڵام لۆرێسی کاپتن و گۆڵپارێز تۆپەکەی دوورخستەوە.
یارییەکە بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر کۆتاییهات و کەین و هاوڕێکانی دڵخۆشبوون بە مانەوەیان لە پێشەنگی ریزبەندیی و لە نێو کەشە ساردەکەی لەندەندا سڵاوێکی گەرمیان لە هاندەرانیان کرد، کە گەڕاونەتەوە نێو یاریگە.
هیۆنگ مین سۆن و هاری کەین لە پرێمەلیگدا تاوەکو ئێستا 18 گۆڵیان بۆ تۆتێنهام تۆمارکردووە، کە سۆن 10 گۆڵی کردووە و کەینیش خاوەنی 8 گۆڵە.
هاری کەین، لە دوای یارییەکە خۆشحاڵی خۆی بەو سەرکەوتنە نیشاندا و لەبارەی سۆنی هاوڕێیەوە گوتی "من و سۆن ئێستا لە باشترین کاتی کاروانی وەرزشیمانداین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ