رووداو سپۆرتس
لیۆنێل مێسی، ئەفسانەی ئەرجەنتینی ئاشکرایکردووە، دوای وازهێنانی لە یارییکردن، نایەوێت ببێتە راهێنەر، بەڵکو حەز بەسەرۆکایەتی و موڵکایەتی یانەیەکی تایبەت دەکات.
مێسی دوایین پلانی خۆی بۆ دوای وازهێنان لە یارییکردن ئاشکراکردووە. دەڵێ حەزم بە کاری راهێنەرایەتی نییە و دەمەوێت ببمە خاوەنی یانەیەکی تایبەت بە خۆم، تاوەکو لەوێوە خزمەتی منداڵان و نەوەی نوێ بکەم بۆ گەیشتن بە خەونەکانیان.
مێسیی 38 ساڵان، لە مانگی 10ـی ساڵی رابردوو گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی ئینتەر مەیامیی ئەمریکی تاوەکو ساڵی 2028 درێژکردەوە، بەمەش تاوەکو تەمەنی 40 ساڵی لە یاریگاکان وەک یاریزان درێژە بە کاروانەکەی دەدات. ئەو ئەستێرەیە لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا لەگەڵ میدیایەکی وڵاتەکەی باسی لەوە کرد حەزی بە کاری راهێنەرایەتی نییە.
مێسی لەو هەڤپەیڤینەدا دەڵێ "خۆم وەک راهێنەر نابینم، بەڵکو حەزم لەوەیە ببمە خاوەنی یانەیەک. دەمەوێت یانەیەکم هەبێت، لە ئاستە نزمەکانەوە دەستپێبکەم و بەرەو لووتکەی ببەم. دەمەوێت دەرفەت بدەمە منداڵان تاوەکو پەرە بە تواناکانیان بدەن و گۆڕانکارییەکی گرنگ بەسەر ژیانیاندا بێت، کە خۆیان حەزی پێبکەن و منیش ببمە هۆکاری ئەو دەرفەتە. خاوەندارێتی یانە بۆ من سەرنجڕاکێشترە لە بوون بە راهێنەر".
مێسی سەرەڕای ئەو پرۆژە نایابانە، لە مانگی 5ـی 2025 هاوکاری لویس سوارێزی هاوڕێی کرد بۆ دامەزراندنی یانەی 'دێپۆرتیڤۆ ئێڵ ئێس ئێم' لە ئۆرۆگوای. مێسی دەربارەی ئەو کارەی گوتی "شانازییە بەشێک بم لەو پرۆژەیە، هیوادارم بتوانم هاوکاری گەشەکردنی ئەو یانەیە بم".
لیۆ لە لایەکی دیکەوە خولی تایبەت بەخۆی بەناوی 'جامی مێسی' بۆ تەمەنە جیاوازەکان رێکخستووە، کە یەکەم وەشانی لە مانگی 12ـی ساڵی رابردوو بە بەشداری تیپەکانی ئاتلێتیکۆ مەدرید، بارسێلۆنا، چێڵسی، ئینتەرمیلان، مانچێستەر سیتی، نیوێڵز ئۆڵد بۆیز و ریڤەرپلەیت بەڕێوەچوو.
ئەو ئەستێرە ئەرجەنتینییە، پشکی لە یانەی ئینتەر مەیامیی ئەمریکی هەیە و کاریگەریی لەسەر بڕیارە وەرزشی و بازرگانییەکانی یانەکە دەبێت. هاوکات کۆمپانیای ئەپڵ بڕی 2.5 ملیار دۆلاری بۆ مافی پەخشی خولی ئەمریکی تەرخانکردووە و بەشێک لەو داهاتەش بۆ مێسی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ