رووداو دیجیتاڵ
لێدوانەکانی لینارت کارلی ئەستێرەی لاوی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی، لەبارەی خەونی یارییکردن لە ریال مەدرید، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بایرن میونشن رایگەیاند یاریزانەکە داوای لێبوردنی کردووە.
لینارت کارل، ئەستێرەی لاوی بایرن میونشن، مشتوموڕێکی گەورەی نایەوە، کاتێک لەکاتی سەردانکردنی ژمارەیەک لە هاندەرەکانی بایرن میونشن، گوتی، یارییکردن بۆ ریال مەدرید خەونی گەورەمە.
دوای بڵاوبوونەوەی لێدوانەکانی ئەو یاریزانە لاوە کە بە مێسیی ئەڵمانیا ناودەبرێت، هاندەرانی بایرن میونشن هێرشی تووندیان کردە سەری و بەبێوەفا بەرامبەر یانەکە ناویان برد.
کارل لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی یانەی خەونەکانی جگە لە بایرن میونشن، ئەو یاریزانە 17 ساڵانە خۆڕسکانە گوتی، "بایرن میونشن یانەیەکی زۆر گەورەیە، یارییکردن لێرەش خەونە، بەڵام بەدڵنیاییەوە من دەمەوێت رۆژێک لە رۆژان، بچمە ریال مەدرید، ئەوە یانەی خەونەکانی منە، بەڵام با ئەوەی دەیڵێم لەنێوان خۆماندا بێت".
لە دوای کاردانەوە و هێرشە تووندەکەی هاندەرانی بایرن بۆ سەری، کریستۆڤ فرۆیند، بەڕێوەبەری وەرزشیی بایرن میونشن و ماکس ئێبرێلی بەڕێوەبەری تۆپی پێی یانەکە، هەوڵیاندا دۆخەکە ئارام بکەنەوە و گوتیان یاریزانەکە هێشتا لاوە و داوای لێبوردنیشی کردووە.
فرۆیند دەڵێ، "ئەوە لینییە، بەدڵ یارییدەکات و خۆڕسکانە دەدوێت، ئەو دەستبەجێ هەستیکرد کە لێدوانەکەی سەرکەوتوو نەبوو و رۆژی دواتریش داوای لێبوردنی کرد. ئەو پێیگوتین کە هەست بەئارامییەکی تەواو دەکات لە بایرن، بەڵام لە منداڵیدا لەگەڵ ریال مەدرید مەشقیکردووە و ئەوکات خەونی ئەو، ئەو یانەیە بوو، ئێمە دڵخۆشین بەبوونی لەگەڵمان".
لای خۆیەوە ماکس ئێبرێل دەڵێ، "هەندێکجار لاوێکی 17 ساڵان رێگەی هەڵەی پێدەدرێت. ئەو هاتە لامان و گوتی هەستدەکەم شتێکم گوتووە کە باش نەبوو و لێکدانەوەی هەڵەی بۆ دەکرێت. ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە ئەوەیە ئاستی لە یاریگەدا چۆنە و بەهای ئەوە دەزانێت کە لە بایرن هەیەتی".
میدیای ئەڵمانیا دەڵێن، بایرن میونشن بەنیازە لەگەڵ بوونی ئەو لاوە بە 18 ساڵ، گرێبەستەکەی بۆ نوێبکاتەوە و مووچەی ساڵانەی لە نێوان 5 تاوەکو 7 ملیۆن یۆرۆی بداتێ، لە کاتێکدا ئێستا ساڵانە نزیکەی دوو ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ