رووداو هەولێر
رێبین سولاقا، ئەستێرەی هەڵبژاردەی عێراق، دوای واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ یانەی هەولێر، ئاشکرایکرد تیپەکەی دەتوانێت رکابەری لەسەر نازناوی خولی ئەستێرەکانی عێراق بکات و گوتی "هەر بەو هۆیەوە هاتوومەتە ریزەکانی یانەی هەولێر".
ئەو ئەستێرەیە لە 1992 لە شارۆچکەی عەنکاوە لەدایکبووە، کریستیانە و لەگەڵ ماڵباتەکەی روویانکردووەتە سوێد و وڵاتینامەی سوێدی هەیە، یاریزانی دڵی بەرگری هەڵبژاردەی عێراقە و ئاستبەرزییەکەی وایکردووە بەردەوام بەبایەخەوە لە شەقام و میدیای ناوخۆی باس بکرێت، یانەی هەولێر لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەی خولی ئەستێرەکانی عێراق هەوڵێکی زۆری بۆ رازیکردنی ئەو ئەستێرەیە دا و دواجار درێس زەردەکان لە هەوڵەکانیان سەرکەوتوو بوون.
ئەستێرە نوێیەکەی یانەی هەولێر بەر لە دوو رۆژ گەیشتە شاری هەولێر، هەر لە یەکەم ساتی گەیشتنی لە رووداو دەرکەوت و لە رێگای رووداوە پەیامی بۆ هاندەرانی یانەی هەولێر نارد، رێبین سولاقا لەبەردەم کامێرای رووداو یەکەم یەکەی راهێنانی ئەنجامدا و یەکەم لێدوانی فەرمیشی بۆ یەکەمی بێ رکابەر بوو.
رێبین سولاقا، یاریزانی یانەی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەت بە رووداو نهێنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی هەولێر باس کرد، و رایگەیاند "سوپاس، سەرەتا من دڵخۆشم بەگەڕانەوە بۆ ماڵی خۆم، من لەم شارەدا لەدایکبووم و شانازی بەگەڕانەوەم دەکەم، سەبارەت بەدەستینشانکردنی یانەی هەولێر بۆ گرێبەستەکەم لە ماوەی مانگێکدا لەسەر هێڵ بوون لەگەڵم، دەزانم پلانێکی باش و تۆکمەیان بۆ داهاتووی یانەکە داناوە بۆیە هاتووم لە ریزی ئەو یانەیە یاری بکەم، لەلایەکی دیکەوە باوکم لێرە لە عەنکاوە دەژی، لای من زۆر گرنگ بوو بگەڕێمە لێرە و ژیان بکەم".
هاندەرانی یانەی هەولێر دوای بیستنی گفتوگۆکانی یانەکەیان و رێبین سولاقا، رۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەتان وێنە و ڤیدیۆی ئەو یاریزانەیان بڵاوەدەکردەوە و دڵخۆشییەکی زۆرییان بەو هەنگاوەی یانەکەیان دەردەبڕی.
سولاقا، لەبەرامبەر ئەو پێشوازییە گەورەیەی هاندەرانی گوتی "زۆر سوپاسی ئەو پاڵپشتییە گەورەیەی هاندەران و خۆشەویستانی یانەی هەولێر دەکەم، هەموو پۆست و وێنە و کۆمێنتە جوانەکانی ئەوانم بینی، بەڵێن دەدەم بەجوانترین و باشترین ئەنجام وەڵامی ئەو هەموو خۆشەویستی و پاڵپشتییەیان بدەمەوە".
هەروەها گوتی "من سەیری یارییەکانی هەولێرم کردووە پێشتر بەهۆی ئوسامە رەشید، کە نزیکترین هاوڕێی منە، دەمانەوێت ئەنجامەکان باش بن و تیپەکەمان بەهێزە، پێموایە لە چەند هەفتەی داهاتوودا زۆر باش پێکەوە دەگونجێین و دەزانین بەجوانترین شێوە هێڵەکان لەگەڵ یەک هەواهەنگ بکەین، پێموایە کارێکی باشم کردووە و تیپێکی باشم هەڵبژاردووە بۆ یاریکردن لە ریزەکانیدا".
هەڵبژاردەی عێراق دوای 39 ساڵ دەیەوێت بۆ جاری دووەم بەشداریی یارییەکانی مۆندیالی 2026 بکات، رێبین سولاقا وەک یاریزانێکی بەئەزموون بووەتە جێگای بایەخی خیسوس کاساس، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق و بەردەوام لە پێکهاتەی سەرەکیدا لە یارییەکاندا دەبیندرێت.
راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لەپێناو بەهێز مانەوەی تیپەکەی بەردەوام لە یارییەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق ئامادە دەبێت و لە نزیکەوە چاودێری یاریزانەکان دەکات، ئەم کارەی خیسوس کاساس، دڵخۆشییەکی زۆری بە رێبین سولاقا، بەخشیوە و لەو بارەیەوە روونیکردەوە "راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق زۆر نزیکە لە یارییەکانی خولی ناوخۆیی و خۆی چاودێری یاریزانەکان دەکات. بەدڵنیاییەوە منیش حەزدەکەم زیاتر یارییەکانی من ببینێت لە نزیکەوە".
ئەو زیاتر لەبارەی هەڵبژاردەی عێراقەوە گوتی "هەستدەکەم وەک هەڵبژاردەی عێراق بەختێکی باشمان هەیە بۆ گەیشتن بە یارییەکانی مۆندیال، بەڵام ئەم کارە پێویستی بە هەوڵە نەک تەنیا بە قسەکردن، دوو یاریی داهاتوو گرنگە، دەبێت سەرکەوین و لانیکەم پلەی دووەمی کۆمەڵەکەمان بگرین، دەکرێت و ئاساییە خەونی چل ملیۆن خەڵکی عێراق بکەینە راستی و منیش یەکێکم لەوان، گەشبینم و دەگەینە مۆندیالی 2026".
پێشتر رێبین سولاقا، لە خولەکانی سوێدی، ئینگلیزی، کۆریای باشوور، قەتەری و تایلەندی یاریکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ