ڤیدیۆ؛ ئەمشەو یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگە و میونشن بۆ مێژوو ئامادەیە

31-05-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
ئینتەرمیلان و پاریس سانجێرمان
ئینتەرمیلان و پاریس سانجێرمان
نیشانەکردن ئینتەرمیلان پاریس سانجێرمان چامپیۆنزلیگ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو یاریی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و ئینتەرمیلانی ئیتاڵی لە میونشن لە ئەڵمانیا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
یارییەکە لە یاریگەی ئالیانز ئارێنای تایبەتب بە یانەی بایرن میونشن بەڕێوەدەچێت، 70 هەزار هاندەر دەتوانن لە یاریگەکەدا سەیری یارییەکە بکەن و یەکێک لە جوانترین یاریگەکانی ئەورووپا و ئەڵمانیایە و 340 ملیۆن دۆلار لە دروستکردنیدا خەرجکراوە.
 
هەموو ئامادەکارییەک بۆ یاریی کۆتایی گەورەترین پاڵەوانێتی یانەکانی ئەورووپا کراوە، لە دەرەوەی یاریگە، چالاکی جیاواز بۆ هاندەرانی هەردوولا و ئەوانەی بۆ سەیرکردنی یارییەکە دەچن ئامادەکراو، جامێکی گەورەی چامپیۆنزلیگ دانراوە و هاندەران وێنەی یادگاریی لەگەڵ دەگرن.
 
رۆژی هەینی و رۆژێک بەر لە ئەنجامدانی یاریی کۆتایی، هەزاران هاندەر چوونە ڤان فێست لە پارکی ئۆڵیمپی میونشن کە تایبەت کراوە بە چالاکییەکانی یارییەکە و کاتی خۆشیان لەنێو فێستیڤاڵەکەدا بەڕێکرد.
 
ئەمە جاری پێنجەمە یاریی کۆتایی گەورەترین پاڵەوانێتی ئەورووپی لە میونشن بەڕێوەدەچێت، نۆتینگهام فۆرێست لە 1979، مارسیلیا لە 1993، دۆرتموند لە 1997 و چێڵسی لە 2012 لەوێ جامی پاڵەوانێتییەکەیان بەرزکردووەتەوە و ئەمشەو یەکێکی دیکە لە پاریس سانجێرمان و ئینتەرمیلان جامە دوو گوێیەکە بەرزدەکەنەوە.
 
رۆژی هەینی شاندی هەردوو یانەی ئینتەرمیلان و پاریس سانجێرمان، بۆ ئەنجامدانی یارییەکی گەورە و مێژوویی گەیشتنە میونشن و چوونە شوێنی مانەوەیان لە شارەکەدا.
 
ئینتەرمیلان دوای چەند رۆژێکی کەم لە لەدەستدانی نازناوی خولی ئیتاڵیا لە بەرژەوەندی یانەی ناپۆلی، دەیەوێت لاپەرەیەکی نوێ هەڵبداتەوە و بردنەوەی چامپیۆنزلیگ لە یانەکەدا بکاتە سەرەتایەکی نوێ و هەموو ئەوەی لەم وەرزەدا لە دەستیدا لەبیر هاندەرانی بباتەوە.
 
نیرازۆری پێشتر لە 1964-1965 دووجار بەسەریەکەوە نازناوەکەی بردووەتەوە و لە 2010 بۆ جاری سێیەم بە سەرکردایەتیی جۆزێ مۆرینیۆ بووە پاڵەوان.
 
ئەمە جاری دووەمە یانەکە لەژێر سەرپەرشتی سیمۆنی ئینزاگی دەگاتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.
 
یانەی پاریس سانجێرمان ئەمە دووەمجارە دەگاتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، پێشتر لە 2020 بەرامبەر خاوەن ئەو یاریگەیەی ئەمشەو یاریی تێدا دەکات دۆڕا و نازناوەکەی بەرامبەر بایرن میونشن لەدەستدا، یانەکە پێچەوانەی ئینتەر، ورەی بەرزە و دوو نازناوی ناوخۆیی بردووەتەوە و دەیەوێت بردنەوەی چامپیۆنزلیگ بکاتە سێیەم نازناوی ئەم وەرزەی.
 
پاریس سانجێرمان و ئینتەرمیلان، رۆژی هەینی دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانیان بۆ یارییەکەی ئەمشەو ئەنجامدا، هەردوو تیپ بۆ شەوێکی گەورە و گرنگی تۆپی پێ ئامادەن، پاریسییەکان نایانەوێت هەلی بردنەوەی یەکەم نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا لەدەستبدەن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە