لە یاریی کۆتایی نەیشنسلیگ ئەزموونی رۆناڵدۆ و بەهرەی لامین، رووبەڕووی یەکدەبنەوە

08-06-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یاریی کۆتایی نەیشنسلیگ هەڵبژاردەی ئیسپانیا هەڵبژاردەی پۆرتوگال
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەمشەو لە یاریی کۆتایی نەیشنسلیگ، هەردوو هەڵبژاردەی پۆروتوگال و ئیسپانیا بەیەکدەگەن، یارییەکە بەریەککەوتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەفسانەی پۆرتوگالی و لامین یامالی دیارترین ئەستێرەی ئێستای تۆپی پێی جیهانە.
 
یارییەکە کە بە دێربیی ئیبیریا ناسراوە، کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان لەسەر یاریگەی ئالیانز ئەرێنا بەیەکدەگەن.
 
هەڵبژاردەی ئیسپانیا، هەوڵدەدات باڵادەستیی خۆی بەسەر تۆپی پێی ئەورووپیدا دووپات بکاتەوە، پاشئەوەی هاوینی رابردوو نازناوی یۆرۆی بەدەستهێنا، لە کاتێکدا هەڵبژاردەی پۆرتوگال دەیەوێت ئامادەبوونی بەهێزی لە پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکە دووپات بکاتەوە و سەروەرییەکانی لەسەر ئاستی کێشوەرەکە دووبارە بکاتەوە، لەرێگەی بەدەستهێنانەوەی جارێکی دیکەی ئەو نازناوە، پاشئەوەی بۆ یەکەمجار لە 2019 بەدەستیهێنا.
 
یارییەکە، یارییەکی کۆتاییە کە تەنیا بەریەککەوتنەوەی دوو دراوسێ مێژووییەکە نییە، بەڵکو هەردوو هەڵبژاردە باشترین پێکهاتەی ئێستای ئەورووپایان هەیە و دەتوانن باڵادەست بن بەسەر کیشوەرەکەدا.
 
ئیسپانیا لە قۆناخی پێشووی پاڵەوانێتییەکەدا، لە یارییەکی سەرنجڕاکێش و پڕ گۆڵدا بەئەنجامی 5 - 4 گۆڵ لە فەرەنسای بردەوە، لە کاتێکدا پۆرتوگال، پێش ئیسپانیا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک لە ئیسپانیای بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی.
 
ئیسپانیا بەپێکهاتەیەکی لاوەوە کە پێشەنگەکەیان لامین یامالی 17 ساڵ و پێدری 22 ساڵە، دەیەوێت لە سێیەم دەرکەوتن لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، دووەم نازناو بباتەوە، پاشئەوەی لە وەشانی پێشووی پاڵەوانێتییەکەدا، بەلێدانی یەکلاکەرەوە یاریی کۆتایی بەرامبەر هۆڵەندا لەبەرژەوەندیی خۆی کۆتایی پێهێنا.
 
ئیسپانیا کە لە دوای مۆندیالی 2022ی قەتەرەوە لەلایەن لویس دی لافوێنتێی 63 ساڵەوە سەرپەرشتیدەکرێت، توانایەکی گەورەی لە چەند ساڵی رابردوودا پێشانداوە.
 
ئەو راهێنەرە هەرزوو وێنەی خراپی هەڵبژاردەکەی لە دوایین مۆندیالدا سڕییەوە و پێکهاتەیەکی بەهێز و لاو و کاریگەری لە هاوینی رابردوودا بردە یۆرۆ و توانی لە یاریی کۆتاییدا نازناوەکە لە ئینگلتەرا بباتەوە.
 
هەرچی هەڵبژاردەی پۆرتوگالە، وەک گەورەیەکی کیشوەرەکە خۆی پێشانداوەتەوە و دەیەوێت جارێکی دیکە بەنازناوی پاڵەوانێتییەکە بگاتەوە کە بۆ یەکەمجار لە 2019 بەدەستی هێنا.
 
رۆبێرتۆ مارتینێز، بەشێک لە شکستەکانی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی بەلجیکا لەبیربردەوە، کاتێک توانی پێکهاتەیەکی یەکگرتوو لە چواردەوەری کریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی یەکەمی هەڵبژاردەکە دروست بکاتەوە و بەکۆکردنەوەی ژمارەیەک یاریزانی درەوشاوە، مەترسی لەسەر هەموو هەڵبژاردەکانی دیکە دروست بکات.
 
مارتینێز لەسەرەتای کارەکەیەوە هاوتەباییەکی گەورەی لەگەڵ یاریزانەکانیدا پێشانداوە، تێکەڵەیەکی باشی لە ئەزموونداران و لاوان کۆکردووەتەوە، بەپێشەوایەتی کریستیانۆ رۆناڵدۆی 40 ساڵان و برۆنۆ فێرناندێزی پلەی مەیکەری خاوەن 30 ساڵ.
 
ئەو دوو یاریزانە بڕبڕەی پشتی هەڵبژاردەکەن، بەڵام هەموو سەرنجەکان لەسەر کریستیانۆیە کە هێشتا لە ئاڵنگاریکردن و هەوڵدان بۆ بردنەوەی نازناوەکان بەردەوامە.
 
رۆناڵدۆ لە قۆناخی پێشوودا گۆڵی سەرکەوتنی بەرامبەر ئەڵمانیا تۆمارکرد و ئەوەش ئاوەزی ئەوی باشترکرد و برسیەتی بۆ بردنەوەی نازناوەکە لای ئەو زۆر بەرەو سەر بردووە.
 
پۆرتوگال لەگەڵ رۆناڵدۆدا پشت بەنەوەیەکی لاوی یاریزانە سەرهەڵداوەکان دەبەستێت، لەنێویاندا ڤیتینیای ئەستێرەی 24 ساڵانی پاریس سانجێرمان کە چەند رۆژێک لەمەوبەر لەگەڵ یانەکەی بووە پاڵەوانی ئەورووپا.
 
سیلیساوی ئەورووپا، هەروەها ئەستێرەی درەوشاوەی دیکەی وەک فرانسیسکۆ کۆنسێساوی 22 ساڵان لە خۆدەگرێت کە گۆڵی یەکسانکردنەوەی لە ئەڵمانیا تۆمارکرد و بەوەش سەرنجی جیهانی بۆخۆی راکێشا.
 
بەپێی ژمارەکان، ئیسپانیا زۆر بەسەر پۆرتوگالدا زاڵە، هەردوو هەڵبژاردە 40 جار رووبەڕووی یەکبوونەتەوە، ئیسپانیا 18 بردنەوە و 16 یەکسانبوونی هەیە، لە کاتێکدا پۆرتوگال تەنیا 6 بردنەوەی هەیە.
 
یاریزانانی لارۆخا 81 گۆڵیان لە پۆرتوگال تۆمارکردووە، لە کاتێکدا پۆرتوگالییەکان خاوەنی تەنیا 47 گۆڵن.
 
یارییەکەی ئەمشەو، رووبەڕووبوونەوەیەکی تایبەت لە نێوان بەتەمەنترینی نێو پێکهاتەی هەردوو تیپ کە رۆناڵدۆیە بەرامبەر بەلاوترینی نێو پێکهاتەی هەردوو تیپ کە یامالە بەخۆوە دەبینێت.
 
ئەزموونی 40 ساڵەی رۆناڵدۆ، رووبەڕووی گەشەکردنە خێرا 17 ساڵییەکەی لامین دەبێتەوە. ئەگەر رۆناڵدۆ پاشخانێکی گەورەی سەرکەوتن و نازناوەکانی هەبێت، لامین هێشتا لەسەرەتای کاروانەکەیدایە و چاوی لە درەوشانەوە و دەرکەوتنە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە