رووداو دیجیتاڵ
لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا کە چەندین پرسیار دروست دەکات، ئەستێرەی فەرەنسی کیلیان ئێمباپێ وازی لە یەکێک لەو سکاڵا یاساییانە هێنا کە لەدژی یانە پێشووەکەی، پاریس سانجێرمان تۆماری کردبوو. هەندێک سەرچاوە دەڵێن "وازهێنانی ئێمباپێ بەهۆی هەڕەشەیەکی ئابڕووچوون بووە".
ئەم وازهێنانە دراماتیکییە چەند کاژێرێک پێش رووبەڕووبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان یانەی ئێستای ریال مەدرید و پاریس سانجێرمانی یانەی پێشووی دێت لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی جیهانیی یانەکاندا، کە بووەتە هۆی دروستبوونی چەندین لێکدانەوەی جیاواز دەربارەی پاڵنەرە راستەقینەکانی پشت ئەم بڕیارە.
پێشتر ئێمباپێ سکاڵایەکی تۆمارکردبوو و تێیدا پاریس سانجێرمانی بە "بێزارکردنی دەروونی و هەوڵی زۆرلێکردن" تۆمەتبار کردبوو، لەسەر بنەمای ئەو رووداوانەی کە پێش نوێکردنەوەی دوایین گرێبەستی لەگەڵ یانە پاریسییەکە لەساڵی 2022 روویان دابوو.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو کە یانەکە لەو کاتەدا یاریزانەکەی لە تیپی یەکەم دوورخستبووەوە و ناچاری کردبوو لە ماوەی ئامادەکارییەکانی وەرزی نوێدا بە تەنیا راهێنان بکات، ئەمەش شتێک بوو کە ئێمباپێ بە هەوڵێک بۆ گوشارخستنە سەری بۆ واژۆکردنی گرێبەستە نوێیەکە لە قەڵەمی دابوو.
بەڵام، چەند کاژێرێک پێش یارییەکەی بەرامبەر یانەی پێشووی، ئێمباپێ بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بڕیاری کشانەوەی ئەم سکاڵایەی دا، لە هەنگاوێکدا کە زۆر لە ناوەندە وەرزشییەکان بە هەوڵێک بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخە ئاڵۆزەکە لێکیان دایەوە.
جگە لەم پێشهاتە یاساییە، رووداوێکی دیکە چەند رۆژێک لەمەوبەر ناوەندە وەرزشییەکانی هەژاند، کاتێک راپەری بەنێوبانگی فەرەنسی "بۆبا" لەڕێگەی هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "X"ـەوە هەڕەشەی ناڕاستەوخۆی لە ئێمباپێ کرد.
بۆبا هۆشداری دایە ئێمباپێ لە "بێزارکردنی" ناسر خلێفی، سەرۆکی پاریس سانجێرمان و گوتی "واز لە خلێفی بێنە ئەگەرنا وردەکاریی ئەو شتانە ئاشکرا دەکەم کە تۆ لە کەنار دەریا ئەنجامت داون. هەروەها هۆکاری تووشبوونت بە هەوکردنێکی تووندی ریخۆڵە ئاشکرا دەکەم".
ئەم هەڕەشە نهێنیئامێزانە، کە هاوکات بوون لەگەڵ بڕیارەکەی ئێمباپێ بۆ وازهێنان لە سکاڵاکەی، گومانەکانی دەربارەی بوونی گوشارە شاراوەکان زیاترکرد کە پاڵیان بە یاریزانەکەوە نابێت بۆ گرتنەبەری ئەم هەڵوێستە.
زۆر لە میدیاکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە یەکێک لە ئەگەرە سەرەکییەکانی پشت ملکەچبوونی ئێمباپێ بۆ پاریس سانجێرمان، ترسیەتی لە دەرەنجامەکانی ئەو هەڕەشانەی کە راپەری فەرەنسی بۆبا لێیکردووە، سەرەڕای ئەوەی کە سروشتی ئەو زانیارییانەی راپەرەکە هەیەتی روون نییە، بەڵام هەڕەشەکە روونە و لەوانەیە ئاشکراکردنی وردەکاریی کەسی کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر نێوبانگ و کاروانی پیشەگەری یاریزانەکە هەبێت. بۆیە وازهێنان لە سکاڵاکە لەوانەیە هەوڵێکی ئێمباپێ بێت بۆ کۆتاییهێنان بەم مشتومڕە و خۆلادان لە هەر ئابڕووچوونێکی گەورە.
ئەمە جیا لەوەی هەندێک لێکدانەوەش هەن باس لەوە دەکەن کە ئەم هەڵوێستەی ئەستێرە فەرەنسییکە هەوڵێکە بۆ هێورکردنەوەی هاندەران پێش رووبەڕووبوونەوە یەکلاکەرەوەکەی نێوان پاریس سانجێرمان و ریال مەدرید.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ